٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێم و تورکیا زیاتر دەبێ

سەرچاوە: KDP.info

 

دهۆک-KDP.info-  کردنەوەی خاڵی سنووریی "سەرزێڕێ" لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیادا، پڕۆتوکۆڵێکی بازرگانی بەدوای خۆیدا هێنا و قایمقامی ئامێدی دەڵێ، جووڵەی بازرگانیی نێوانیان زیاد دەکات.

 

(ئیسماعیل مستەفا) قایمقامی قەزای ئامێدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "دوای کردنەوەی دەروازەی سەرزێرێ لە سنووری قەزای ئامێدی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیادا، جگە لە ھاتوچۆی ھاووڵاتیان، خەریکەی جووڵەی بازرگانی لەو سنوورە بەرفراوان دەبێت؛ لە رۆژانی رابردوو ئالوگۆڕی بازرگانی ھەبووە."

قایمقامی ئامێدی گوتیشی "پڕۆتۆکۆڵێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئێمە و قایمقامی قەزای چەلێی سنووری باکووری کوردستاندا ئیمزا کراوە، تا ھەردوولامان ھاوکار بین لە وەی رێگەی خاڵی سنووریی سەرزێڕێ جوولەی بازرگانی لە ئاستی پیویستییەکاندا بێ، تورکیایش تا رادەیەکی زۆر کارئاسانی کردووە بۆ ئەو مەبەستە."

(ئیسماعیل مستەفا) دەڵێ "دانانی بەڕێوەبەری گومرکی سەرزێڕێ بۆ رێکخستنی کارەکانی گومرگییە لە سنوورەکە و، لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا جووڵەی بازرگانی بە شێوەیەکی بەرفراوان لەو سنوورە دەستپێدەکات. هەڵبەتە لە ڕووی ئابوورییەوە سوودێکی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان و تورکیایش دەبێت، چونکە جگە لە ئیبراھیم خەلیل ئەمە دەبێتە دووەم سنووری فەرمیی نێوان ھەرێم و تورکیا."

پێشتریش (غەفوور مالەسواری) قایمقامی قەزای مێرگەسۆر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندبوو، کار بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەی سنووری لەگەڵ تورکیادا دەکەن لە سنووری مێرگەسۆر و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکەوێتە کار.
قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار