٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە خەڵاتی (داربەڕووی زێڕین)، سینەماکارانی کورد پشتگیری لە سەربەخۆییی کوردستان دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  بە دروشمی "بەرەو ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان"، فیستڤاڵی نێودەوڵەتیی کوردستان بۆ فیلم، لە رۆژانی 26 تا 30 مانگی ئابی 2017 لە ھەولێری پایتەخت ساز دەکرێت.


کات و ساتی سازدانی ئەو فێستڤاڵە نێودەوڵەتییە لە کاتێکدایە، کە گەلی کوردستان لەم ھەرێمە بەرەو پرۆسەیەکی چارەنووسساز ھەنگاو دەنێت، ئەویش پرۆسەی ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان، ھەروەک بەڕێوەبەری ئەو فێستڤاڵەش ئەوە روون دەکاتەوە کە ئەوان بۆ پشتگیریکردن لە سەرخستنی ئەو پرۆسە نیشتمانییە ئەو چالاکییە نێودەوڵەتییە بەڕێوە دەبەن.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەری فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، (شاخەوان مستەفا) ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە سەرخستنی ئەو پرۆسە نیشتمانییە ھەماھەنگی و ھاوکاریی ھەموو چین و توێژێکی پێویستە و ده‌ڵێ، "ئێمەش بە ھونەری سینەما پشتگیریکردنی ئەو پرۆسەیە بەھێزتر دەکەین، ھیوادارین ھەموو بەش و لایەنە ھونەری و رۆشنبیری و کولتووری فەرھەنگییەکانی کوردستانیش بە چالاکیی جۆراوجۆر پشتگیریی ئەو سەرخستنە بکەن".

لە ساتەوەختێکی ھەستیاری گرینگ و مێژووییدا کە بەرەو قۆناغی چارەنووسسازی نیشتمانیی و نەتەوەیی ھەنگاو دەنێین، سەرەڕای قەیران و بەربەستەکانیش، بەڵام ھەنگاوە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان چڕوپڕتر دەبن. ھەڵسوڕێنەرانی (فێستڤاڵی نێودەوڵەتی کوردستان بۆ فیلم)، ناوی خولی ھەشتەمیان لەو فێستڤاڵە ناوە، ھەرچەندە فێستڤاڵەکە لە رووی شێوە و ناوەڕۆک و شێوازی جێبەجیکردنیدا تازەیە، بەڵام کۆکراوەی سەرجەم ئەو فێستڤاڵانەیە کە پێشتر حکوومەتی ھەرێم لە پایتەختدا بۆ بواری ھونەری سینەمای کردووە، ئێستایش ئەو فێستڤاڵە فێستڤاڵێکی نێودەوڵەتییە و بۆ ئەمساڵ تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، ھاوکات لەگەڵ پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی و ھەنگاوی چوونی گەلی کوردستان بەرەو ریفراندۆم و سەربەخۆیی، بۆیەشە تایبەتە بە فیلم و سینەمای کوردی لە کوردستانی گەورە و دەرەوەدا.

ئەمساڵ 9 خەڵات بەسەر باشترینەکان دابەش دەکرێ و خەلاتەکەش خەڵاتی (داربەڕووی زێڕین)ە، کە ئەویش تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، وەک بەڕێوەبەری فێستڤاڵ (شاخەوان مستەفا) باسی دەکات، "داربەڕوو دارێکی پتەوە و رەگی لە نێو خاکدا قووڵ چەقیووە و بەرگەی سەختیی سەرماوسۆڵەی زستان و گەرمای ھاوین دەگرێت و، لە سەردەمی خەبات و بەرگریی شاخیشدا بەری ئەو درەختە یەکێک بووە لە خۆراکی سەرەکیی پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان".

لە بارەی شێوەی ھەڵکەوتەی خەڵاتەکەش، بەڕێوەبەری فێستڤاڵ دەڵێت: "خەڵاتە داربەڕووەکە لە چوار گەڵا و بەرھەمێکی بەڕوو پێکھاتووە، کە چوار گەڵاکە ئاماژەیەکی روونە بۆ ھەر چوار پارچەی کوردستان، کە دوژمنان لە دێرزەمانەوە بە زۆر دابەشیان کردووە، (بەڕوو)ەکەش ئاماژەیە بە بەرھەمی چەندین ساڵەی خەبات و تێکۆشانی کورد لە باشووری کوردستان و ھەوڵدان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستانی دەوڵەمەند و بەرھەمدار و بەھێز".

دەربارەی بیرۆكه‌ی سازکردنی ئەم فێستڤاڵە نێودەوڵەتییە، ناوبراو گوتی: "ئێمە ساڵێک زیاترە خەریکی خۆسازکردنین بۆ ئەم فێستڤاڵە، لەو ماوەیەدا بەردەوام کارمان لە سەر پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە کردووە بۆ سازکردنی فێستڤاڵێکی نێودەوڵەتی لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان، چاوەڕێی دەرفەتێکی گرینگ بووین بۆیە راماننەگەیاند، ئێستایش کە بەشێوەیەکی کردارەکی کار بۆ بەڕێوەچوونی ئەو فێستڤاڵە دەکەین، دەستەی بەڕێوەبردنی فێستڤاڵ کە لە چەند بەشێکی گرینگ پێکھاتووە، شەو و رۆژ کار دەکەن، بۆیەش خۆشبەختانە بەدەنگەوەھاتنێکی زۆر لەلایەن فیلمسازان و سینەماکارانی کورد بۆ ئەم فێستڤاڵە لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان ھەیە، بۆ ئەم مەبەستەش لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، فیلمێکی زۆرمان بە دەست گەیشتووە و زۆربەی کارە گرینگەکانمان دەتوانم بڵێم سەدا حەفتای زیاتری تەواو بووە، تەنیا پێویستمان بە ھاندان وھاوبەشی و بەشداریی کارا و گرینگی ھەندێ دەزگا و لایەن و کەرتی تایبەت ھەیە بۆ زیاتر سەرخستنی پڕۆژەکە، چونکە دەمانەوێ زۆر بە شێوەیەکی تێر و تەسەل فێستڤاڵەکە بەڕێوە ببەین".

لە روژانی فێستڤاڵیشدا جگە لە پیشاندانی فیلمە بەشداربووەکانی (کورت و درێژ و دیکۆمێنتاری و ئەنیمەیشن)، رۆژانەش پانێڵی تایبەت لە سەر پرسی سینەما و سەربەخۆییی کوردستان بۆ سینەماکارە بە ئەزموونەکان ھەیە، جگە لە چەندین سوپرایزی ھونەری.
بەڕێوەبەری فێستڤاڵ دەڵێ "وەک پلانمان بۆی داناوە، 30 فیلم بە ھەر چوار بەشەوە دەچنە پێشبڕکێی سەرەکیی  فێستڤاڵەوە، چەندین فیلمی تریش وەک ریز دەچنە بەشی نمایشی تایبەتەوە''، ئاشکرایشی دەکات، لە کاتی کردنەوەی فێستڤاڵیەکەش بۆ یەکەمجار لە مێژووی ھونەریدا، مانیفێستی سەربەخۆییی سینەماکارانی کوردستان دەخوێنرێتەوە.

خێڵان به‌ختیار

هەواڵی پەیوەندیدار