هاوکار محەمەد: باس لە ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان کرا
_-_Copy_(1)__2017_07_30_h16m59s24__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری ناردنی شاندێکی بۆ بەغدا دەرکرد، بۆ ئەوەی لەبارەی پرۆسەی ڕیفراندۆمەوە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن، چاودێرێکی سیاسی دەڵێت، چوونی ئەو شاندە بۆ بەغدا زۆر گرینگە، چونکە پێویستە ئەو پەیامەیان پێ بدەن، کە ڕیفراندۆم بۆ ھەموو خەڵکی کوردستانە، نەک ھی لایەنێک بێت، وەک ئەوەی بەغدا باسی کردووە، جگە لەوەش ناکرێت، تا سەر بەو شێوەیە ھەرێم لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت و مافیشی نەدرێت، کە لە دەستوردا ھاتووە.
ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ئەمڕۆ جارێکی دیکە کۆبوونەوەیەکی گرینگی ساز دا، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، (ھاوکار محەمەد)، ئەندامی ئەنجومەنی ڕیفراندۆم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە کۆبوونەوەکەدا، کە کۆمسیۆنیش ئامادە بوو باس لەوە کرا، کە٧٠% ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم تەواو بووە و ئامادەکارییەکانی دیکەش بەردەوامن.''
(ھاوکار محەمەد) گوتیشی: ''ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا، کە کۆمەڵێک کەسی بێلایەن و سەربەخۆ بێنە نێو لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم و ناوی چەند کەسێکیش گوتران.''
سەبارەت بەوەی ئەگەر بزوتنەوەی گۆران ئامادە نەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ڕای لاینەکان چی دەبێت، ئەو گوتی: ''لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەوە کرا ڕێککەوتنێکی نوێ بکرێت بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، بەتایبەت لە نێوان پارتی و گۆڕان و ئەگەر گۆڕان ڕازی نەبێت، لایەنەکانی دیکە ھەڵوێستیان ھەبێت و زیاتر بێدەنگ نەبن لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە.''
شاندێکی باڵای ڕیفراندۆم کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمدا بڕیاری لەسەر دراوە بە زووترین کات بچێتە بەغدا بۆ ئەوەی لەبارەی پرۆسەی ڕیفراندۆمەوە قسەیان لەگەڵ بکەن و پەیامی ئەوەیان پێ بدەن کە ھەرێمی کوردستان ئەو پرۆسەیە ئەنجام دەدات بۆ دژایەتیکردنی ئەوان نییە و بەڵکو دەیانەوێت ڕای میلەتی خۆیان وەربگرن و مافێکی سرووشتیی خۆیانە و ئەمە ڕای ھەموو گەلی کوردیشە، نەک لایەنێک.
لەو بارەیەوە چاودێری سیاسی، (ئازاد ئەبووبەکر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''چوونی شاند بۆ بەغدا زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی کێشەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدایە و ئەگەر ڕیفراندۆمیش سەر کەوێت، ھەر لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەین، بەتایبەت لەو قۆناغەدا، چونکە ئەوان نیگەرانن لە ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە، بۆیە پێویستە شاندی ھەرێم ئەو پەیامە بە ئەوان بدەن، ھەرێمی کوردستان مافێکی سرووشتیی خۆیەتی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات و حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقیش وایان کردووە، ھەرێم ئەو ھەنگاوە بنێت، چونکە بەغدا هیچی بۆ کورد نەکردووە و لەدوای ئەوەی کە شیعەیش دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەوانیش هیچیان بۆ کورد نەکردووە.''
(ئازاد ئەبووبەکر) گوتیشی: ''پێویستە ئەوەیان لەگەڵ یەکلایی بکرێتەوە، بەو شێوەیە نابێت، کە دەستور ھەبێت و جێبەجێ نەکرێت و مافی کوردیش نەدرێت و دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت و پێویستە ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە.''
(ئەبووبەکر) ڕاشیگەیاند: ''لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیاندا لە بەغدا وا بڵاو دەکەنەوە، کە ئەو ڕیفراندۆمە ھی ھەموو گەلی کورد نییە و ھی لایەنێکە، بۆیە پێویستە بەغدا دڵنیا بکرێتەوە، کە ڕیفراندۆم مافی ھەموو تاکێکی کوردە، نەک ھی لایەنێک، چونکە ئەوان بەو شێوەیە تێگەیەندراون و پێویستە شاندی ھەرێم ئەوەیان بۆ ڕاست بکاتەوە و ئەوانیش زیاتر بەو شێوەیە دژایەتیی ڕیفراندۆم نەکەن.''
بڕیارە ئەمساڵ لە ٢٥/٩دا پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئەنجام بدرێت.
بڵند ئیبراھیم




