٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە كەركووك دوو كۆبوونەوە بەڕێوە دەچن

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info-  بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری كەركووك ڕایدەگەیێنێت، بۆ پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ئەمڕۆ یەكشەممە دوو كۆبوونەوە لە نێوان حیزبە سیاسییەكاندا بەڕێوە دەچن.

پارێزگای كەركووك یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكان و رووبەرێكی فراوانی خاكی كوردستان پێك دێنێت، دانیشتووانەكەیشی بەپێی ئامارێكی ساڵی 2014، زیاترلە 900 هەزار كەس دەبن و، كورد و عەرەب و توركمان و ئاشووری و كلدانی بەیەكەوە لەو شارەدا دەژین .

(د. محەممەد خورشید)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ یەكشەممە، لە شاری كەركووك بڕیارە دوو كۆبوونەوە بەڕێوە بچن، كۆبوونەوەكان تایبەتن بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شاری كەركووك، رۆژی چوارشەممەی ڕابردوویش‌ حیزبە عەرەبی و توركمانەكان سەردانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان كرد و یەكێتی داوای كرد لەگەڵ پارتی بەیەكەوە دابنیشن لەسەر ئەو پرسە، بەڵام پێشنیازی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوە بوو كە دەبێت حیزبە كوردستانییەكانی دیكەیش بەشدار بن، بۆیە لەسەر پێشنیازی ئێمە سەعات 10 لە بارەگای حیزبی شوعی كۆبوونەوەیەك لە نێوان حیزبە كوردستانییەكان ئەنجام دەدرێت لەسەر چۆنیەتیی رێكخستنی یەكگوتاری لەگەڵ نەتەوە و پێكهاتەكانی تر لە حیزبە سیاسییەكان بۆ پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك."

(خورشید) گوتیشی، "سەعات 4 ـی ئێوارەیش‌ شاندی هاوبەشی حیزبە كوردستانییەكان لەگەڵ لایەنە عەرەبی و توركمانەكان دادەنیشین و، لەسەر ئەو پرسە بەیەكەوە كۆبوونەوەی تر ئەنجام دەدەین".

لەبارەی هەڵوێستی پارتی لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش، بەرپرسی لقی سێی پارتی گوتی، "هەڵوێستی ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە كە لەگەڵ هەڵبژاردنداین لە شاری كەركووك، بەڵام سەپاندنی هیچ شەرت و مەرجێك لەسەر خەڵكی كەركووكمان پێ قبووڵ نییە".

ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە 41 كورسی پێك دێت و كوردیش زۆرینەی ئەنجوومەنەكە پێك دێنێت، كە ژمارەی كورسییەكانی 26 كورسییە.

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار