مامۆستایەكی زانكۆ: ڕوئیای ئەمەریكا بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەرێنییە

هەڵەبجە-KDP.info- مامۆستایەكی زانكۆی هەڵەبجە دەڵێت، هەرێمی كوردستان پایەكانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی هەیە و، ئەورووپا و ئەمەریكایش ڕوئیایان بەرانبەر ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان باشە.
(ئاوارە حوسێن) مامۆستای بەشی یاسای زانكۆی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "هەرێمی كوردستان هەموو پایەكانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی هەیە، ئەو پایەیەی پێویستیەتی پشتیوانیی نێودەوڵەتییە و ئەوەیش جێگای خۆشحاڵییە لە پانێڵی كوردستان ئەمەریكادا لە كۆنگرێسی ئەو وڵاتە، لەلایەن كۆنگرێسمان و جەنەڕاڵە خانەنشینكراوەكانی ئەمەریكاوە، داوا كراوە ئەمەریكا پشتیوانیی كوردستان بكات لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییدا، ئەوە جێگای خۆشحاڵییە كرانەوەی ئەمەریكایە، بۆیە پێویستە ئێمەیش خۆمان لۆبی زیاتر بكەین تاوەكو پشتیوانیی وڵاتان بەدەست بێنین بۆ دداننان بە دەوڵەتی كوردستاندا، بە تایبەت ئەمەریكا كە وڵاتێكی زلهێزی كاریگەرە لەسەر ئاستی جیهان."
(حوسێن) گوتیشی، "پێویستە ئەو هاوكارییە سەربازی و لۆجستییەی ئەورووپا و ئەمەریكا پێشكەشی كوردستانی دەكەن دژ بە شەڕی داعش، بگۆڕین بۆ پشتیوانیكردنیان لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان."
ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەشڵێت، "ئەمەریكا و ئەورووپا ئەگەر بیانەوێت هاوپەیمانێكی نوێیان هەبێت، ئەوە كوردستانە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەت پاش شەڕی تیرۆریستانی داعش كوردستانە دەتوانێت هاپەیمانێكی ڕاستەقینەیان بێت، كە دەبێتە بەشدارێكی كاریگەر لە سەقامگیری و ئاشتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، بۆیە ئەمەریكا ئەوە دەزانێت و دەتوانێت كوردستان وەك هاوپەیمانی خۆی سەیر بكات."
هێڤیار هەڵەبجەیی




