کوردانی ڕۆژهەڵات پشتگیری لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی باشووری كوردستان دەكەن

هەولێر-KDP.info- کوردانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە ئۆمێدەوە دەڕواننە ڕیفراندۆمی باشووری كوردستان و داوا لە هەموو خەڵكی ئەو بەشە و لایەنەكان دەكەن، دەست لەناو دەستی یەكدی بنێن و هەموویان پێكەوە ڕۆژی 25/9 ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و بە ''بەڵێ'' دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن، چونكە سەربەخۆییی باشووری كوردستان دەرفەتێكە بۆ سەربەخۆییی پارچەكانی دیكەش.
لە ڕاگەیێندراوێکیاندا کە واژۆی ٣٠٠ کەسایەتیی دیار لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی بەسەرەوەیە، پشتیوانیی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی باشووری کوردستان دەردەبڕن و داوا لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای باشووری کوردستان دەکەن، بە (بەڵێ بۆ سەربەخۆییی کوردستان)، ٢٥ـی سەپپتەمبەر بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
هاوتا لەگەڵ هەڵوێستی سیاسی و چالاکانی مەدەنی، ئەو هاووڵاتیانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە باشووری کوردستان گیرساونەتەوە و یاخوود کار دەکەن، هەمان هەڵوێستی نیشتیمانی و نەتەوەییانەیان هەیە و (ڕەزا عەلی)، کە خەڵکی زێوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و لە باشووری كوردستان کار دەکات، دەڵێ، ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی مافی گەلی كورد و هەموو گەلانی جیهانە، بۆچی ئەوان سەربەخۆ بن، کورد سەربەخۆ نەبێ و وڵاتی خۆی نەبێت، ئەو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەوە مافێكی خوایە و پێویستە سەربەخۆ بین، زۆر باشتر بوو هەرچوار پارچە ببانە یەك و ببانە یەك دەوڵەت، بەڵام ئەگەر ئێستا ئەو دەرفەتە دروست نەبێت، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لە باشووری كوردستان هەروەكو ئەوە وایە لە هەرچوار بەشەكەی دیكە كورد بووەتە دەوڵەت. پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان، خەڵك هان بدەن بە ''بەڵێ'' دەنگی خۆیان بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن، چونكە ئەو دەرفەتە جارێكی دیكە نایەتە پێشەوە.''
(مەنسوور حوسێن)، هاووڵاتییەكی دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و لە سۆران كار دەكات، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوتی: ''ئێمە وەك خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئۆمێدێكی زۆرمان بە ڕیفراندۆمی باشووری كوردستان هەیە، چونكە بەدیهێنانی خەونی گەلی كورد لەو بەشە، وا دەكات كە خەڵكی پارچەكانی دیكەش سەربەخۆ بن.''
(مەنسوور) زۆر بە پەرۆشییەوە چاوەڕێی ئەو ڕۆژە مێژووییە دەکات و دەڵێ: ''خۆزگە ئێمە دەنگمان دابایە، بۆ ئەوەی دەنگی ''بەڵێ'' ڕێژەیەكی پێوانەیی تۆمار كردبایە و وا لە جیهان بكات كە بڵێن كورد دەبووایە لەمێژە سەربەخۆ بایە، بەڵام مادام ئێمە دەنگ نادەین، داوا لە خەڵكی خۆمان لە باشووری كوردستان دەكەم، هەموو چین و توێژەكان پاڵپشتی ڕیفراندۆم بكەن و بە ''بەڵێ'' دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن.''
١٦ حزب و لایەنی سیاسیی باشووری کوردستان بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) كۆ بوونەوە و بڕیاریان دا 25/9 ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، ئەم بڕیارە بە لای (مێهران ڕەسووڵی) کە خەڵکی شنۆیە و ماڵی لە باشووری كوردستانە، بڕیارێكی دڵخۆشكەر بووە و هەموو تاكێكی كورد جا لە هەر شوێنێك بێت بەو بڕیارە خۆشحاڵ بوونە و گوتیشی، "پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەبێ هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێین، ئەوەش بە یەكگرتووییی لایەنەكان دەكرێت، بۆیە زۆر پێویستە نەك تەنیا حزب و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵكو هەموو لایەنەكان جا لە هەر بەشێكی كوردستان بن، پشتگیری لە ڕیفراندۆم بكەن و دەست لەناو دەستی یەكدی بنێن، بۆ ئەوەی ئەگەر لە پاشەڕۆژدا كەسێك ویستی دەست بۆ دەوڵەتی كوردی درێژ بكات و كۆسپ و تەگەرە دروست بكات، هەموومان پێكەوە بەرامبەری بوەستینەوە، بۆیە زۆر پێویستە هەموومان خۆ بكەینە یەك و پشتگیری لە هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) بكەین، بۆ ئەوەی هیچ كەس و لایەنێك نەتوانێت بەرامبەر بە دەوڵەتی كوردستان بوەستێتەوە.''
ڕابین شێروانی




