شەش پارتی باكووری كوردستان.. كەمپینی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆمیان ڕاگەیاند
__2017_07_29_h10m27s4__RM.jpg)
باكووری كوردستان-KDP.info- بە مەبەستی پشتگیریكردن لە گشتپرسیی باشووری كوردستان، كەمپینی "بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم"لەلایەن چەندین كەسی ڕۆشنبیر و ئاكادیمی و چەندین حزبەوە لە باكووری كوردستان ڕاگەیەندرا.
بە بڕیاری چەندین لایەنی بەشدار لە حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان، بڕیار درا لە ٢٥ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا ڕیفراندۆم بەڕێوە بچێت و پشتگیرییش بۆ ریفراندۆم بەردەوامە. (موستەفا ئۆزجەلیك)، سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان لە باكوور و یەكێك لە رێكخەری ئەم كەمپینە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "شەش پارتی كوردی كە بریتین لە: (بزووتنەوەی ئازادی، پارتی ئازادیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان-باكوور، پارتی دیموكراتی كوردستان-توركیا، پارتی سۆشیالیستی كوردستان و پارتی ئازادیی سۆشیالیزم)، لەگەڵ چەندین كەسایەتیی سیاسی و رۆشنبیر و سەربەخۆ، كەمپینی "بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم"ـمان ڕاگەیاندووە، ئامانجیشمان ئەوەیە پشتگیری لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكەین، بۆ ئەوەی دەنگی ئازادیی كوردستان بگەیەنینە تەواوی جیهان كە پێویستە كوردیش سەربەخۆ بێت، ئەویش بە رێگای دیموكراسی كە ریفراندۆمە.''
سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان گوتیشی، "ئێمە سەردانی چەندین لایەنی دیكەیش دەكەین، بۆ نموونە HAK-PAR و HUDAPAR و CHP وAKPi و چەندین دەزگا و لایەنی دەرەوەی توركیایش، بۆ ئەوەی پشتگیریی ئەم پرۆسەیە بكەن و، چەندین سیمینار و چالاكی لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی توركیا ئەنجام دەدەین، هەروەها لەگەڵ رۆشەنبیر و سیاسەتمەدارەكاندا كۆ دەبینەوە بۆ ئەوەی پشتگیریی ریفراندۆم بكەن".
كاروان باعەدری




