٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ ھێرشێکی داعشی تێکشکاند

سەرچاوە: KDP.info

گوێڕ-KDP.info-  لە میحوەری گوێڕ، هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێرشێکی تیرۆریستانی داعشی تێکشکاند و بە گوێرەی زانیاریی بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ، داعش زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

داعش، کە دواین ڕۆژەکانی خۆی لە عێراقدا دەژمێرێت، دەیەوێت جارناجارێک بە هێرشێکی خۆکوژی، بڵێ کە وجودی ماوە، بەڵام وەک چۆن هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەفسانەی داعشی شکاند و لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەدەری نان، ئێستاش هێزی پێشمەرگە دەیەوێت داعش لە ڕەگوڕیشەوە هەڵکێشێت. ئەمڕۆش، کە داعش لە میحوەری گوێڕ هێرشێکی کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، لە وەڵامدا پێشمەرگە هێرشەکەی داعشی شکاند و زیانی زۆری لێ دان.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەری گوێڕ، (قادر حەسەن)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش، لە بەرزایییەکانی گەڕاو، لە میحوەری گوێڕ، ھێرشێکیان کردووەتە سەر سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە، بەڵام ھێزی پێشمەرگە بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و تێکیان شکاندوون و گورزێکی کوشندەشیان لێ وەشاندوون.''

(قادر حەسەن) گوتی: ''ھێزی پێشمەرگە لەو شەڕەدا زیانی نەبووە، بەڵام داعش زیانی بەرکەوتووە و تا ئێستا قەبارەی زیانەکانیان ئاشکرا نەبووە، دواتر ئاشکرا دەبێت، چونکە ھیچ تەرمێکیان بەجێ نەھێشتووە.''

(حەسەن) ڕوونی کردەوە: ''داعش لەو ناوچەیەدا ھاوسنووری پێشمەرگەیە و ڕەنگە ئەوانەی ھێرشیش دەکەن، خەڵکی ناوچەکە بن. داعش شەڕی خۆکوژی دەکات و گرینگی بە ھێز نادات و تەنیا ھێرش دەکەن.''

(حەسەن) باسی لەوەش کرد: ''ئێستا شەڕەکە کۆتایی پێ ھاتووە و دۆخەکە ئارام بووەتەوە و ھێزی پێشمەرگەش لە سەنگەرەکانی خۆیدا لە ئامادەباشیدایە.''

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار