تاڵەبانی: چاوەڕوانی سەرکردایەتی کوردستان دەکەین.. ڕازی نابین و ھەڵوێستی خۆمان دەبێت

کەرکووک-KDP.info- دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق داواکاری کەرکووکی بۆ ئەنجامدانی راپرسی رەتکردەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەوەکالەت دەڵێت، ئێمە بێ دەنگ نابین و ھەڵوێستمان دەبێت، بەڵام چاوەڕوانی سەرکردایەتی کوردستان دەکەین، تا بزانین ھەڵوێستی ئەوان چۆن دەبێت.
(رێبوار تاڵەبانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "حکوومەتی عێراق لەبارەی ئەنجامدانی ڕاپرسی لە کەرکووک کە وەکو ئەنجوومەن داوامان کردبوو باسیان لەوەکردبوو ئێمە ناتوانین ئەنجامیبدەین و ڕەتیان کردۆتەوە بەبیانووی ئەوەی دۆخەکە ئاسایی نەکراوە و سەرژمێری نەکراوە کە ئەمانەش ئهوان نەیان کردووە نەک ئێمە، ھەر بۆیە بێ دەنگ نابین.
(تاڵەبانی) گوتیشی، "ئێمەش داوامان لەسەرکردایەتی کوردستان کردووە تا ڕای خۆیان لەوبارەیەوە بدەن، چونکە ئێمە بەوبڕیارەی حکوومەتی عێراق ڕازی نابین و ھەڵوێستی خۆمان دەبێت، ئینجا چەند ڕێگایەک ھەیە بیگرینە بەر، لەوانە لەکاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم کە بڕیارە لە٢٥/٩ئەنجامبدرێت بیکەینە دوو راپرسی، بۆیە چاوهڕوان دەکەین تا بزانین ڕای سەرکردایەتی کوردستان چی دەبێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە،ماوەیەک پێش ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەکۆبوونەوەی خۆیدا، داوایەکی ئاراستەی حکوومەتی عێراق کرد، بۆ ئەوەی ڕاپرسی لەکەرکووک ئەنجامبدرێت، بەڵام حکوومەتی عێراق لەوەڵام دا حکوومەتی عێراق ئەو داواکاریەی رەتکردەوە.
بڵند ئیبراھیم




