٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حزبەکانی کوردستان: هیچ ئیرادەیەک ناتوانێت لە دژی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم بوەستێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  حزبەکانی کوردستان وەڵامی سەرجەم ئەو پڕوپاگەندە و هەوڵانە دەدەنەوە، کە بڕیارە لە دژی ڕیفراندۆم بگیرێنەبەر و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ڕیفراندۆم ئیرادەی گەلە و دەبێ ئەو ئیرادەیە ڕێزی لێ بگیرێت.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەندێک دەنگۆ لەسەر دژایەتیی پرسی ڕیفراندۆم و دروستکردنی کەمپین لە دژی ئەو پرۆسەیە، نیگەرانی لە لای خەڵکی کوردستان دروست بووە، کە ناکرێت هیچ کەس و لایەنێک بەرەیەک لە دژی بەرەی گەل بکاتەوە، چونکە کوردستانیان بەڵنیان داوە، لە ٢٥\٩ بەشداری لە ڕیفراندۆمی سەرتاسەریی کوردستاندا بکەن، لە کاتێکدا (سەرۆک بارزانی)، لە چەند کۆوبونەوەیەکدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان جەختی لەسەر ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە کردووەتەوە.

(سەلاح دەلۆ)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''ڕیفراندۆم تاکە ئاواتی گەلی کوردستانە، کە لەو ڕێگایەوە پەیامی خۆمان دەدەین بە هەموو جیهان و هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە بەرەیەک لە دژایەتیی ئەو پرسەدا بکاتەوە، هەموو کەس دەتوانێت بۆچوونی خۆی بڵێت، بەڵام دژایەتیی گەلی کوردستان خۆخستنە بەردەم مێژوویەکە، کە ڕەحمی پێ ناکات و بەدڵنیاییەوە ڕۆژی ٢٥\٩ هەموو خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی دەچنە بەردەم سندووقی دەنگدان و بە ''بەڵێ'' دەنگ بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەدەن، ئیتر هیچ شتێک ناتوانێت لەبەردەم ئیرادەی خەڵکدا بوەستێتەوە، ئێمە لەم ڕێگایەوە پەیامی خۆمان دەدەین بە هەموو جیهان، کە چیتر کوردستان ژێردەستی قبووڵ ناکات و کاتی ئەوە هاتووە ببینە خاوەنی کیانی خۆمان.''

(سەلاح دەلۆ) گوتیشی: ''سەرجەم لایەنەکان بەرەو لێواری ڕێککەوتن و لێگەیشتن دەڕۆن بۆ ئەوەی بەسەرکەوتوویی، ڕیفراندۆم لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و چاوەڕوانیش دەکرێت دوای کۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان زیاتر بۆچوونە جیاوازەکان لێک نیزیک ببنەوە.''

(زیرەک کەمال)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''تا ئێستا هیچ خەباتکار، شاعیر، نووسەر، مامۆستای ئایینی، لێکۆڵەر و داهێنەرێکی کورد، دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان نەوەستاوەتەوە، یان مانای ڕیفراندۆمی تێک نەداوە، بۆیە دەبێ ئەوانەی بە ڕێکخراو دەیانەوێت لە دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بوەستنەوە، لە قەبارەی خۆیان گەورەتر نەکرێنەوە، چونکە ئەو پرسە ئەوەندە گەورەیە، لە هەوڵی تاکە کەسی دەرچووە، کە بیەوێت لەکەداری بکات یان لەدژی بوەستێتەوە.''

(زیرەک کەمال) جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئێستا کۆدەنگییەکی گشتیی نەتەوەیی بۆ پرسی ڕیفراندۆم دروست بووە و سەرجەم حزبەکان بەرەو کۆدەنگیی نیشتمانی دەڕۆن و گوتی: ''دەبێ لەو ماوەیەی لەبەر دەستماندا ماوە، کاری تەواو بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بکەین.''

(سەلام کەریم)، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە باوەڕمان وایە ئێستا باشترین کاتە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.''
(سەلام کەریم) ئەوەشی ڕوون کردەوە: ''ھەرجۆرە دژایەتیکردنێکی ڕیفراندۆم جگە لە مزایەدەی سیاسی و کێشەی ناوخۆیی، ھیچ جۆرە پاساوێکی نییە، ناکرێت دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆمان و نەتەوەکەمان بینەوە.'' باسی لەوەش کرد، کە لە نادادپەروەری و گەندەڵیش بێدەنگ نابن.

سەرکردەکەی بزووتنەوە دووپاتی کردەوە، کە گەلی کوردستان مافی خۆیەتی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات و ھەر کەسێکیش ئازادە چۆن دەنگ دەدات، بەڵام ''ناکرێت لەژێر ھیچ پاساوێکدا، دژایەتیی ئەو پرۆسەیە بکرێت.''

پرسی ڕیفراندۆمی کوردستان لە لایەن سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانەوە بڕیاری لەسەر دراوە، کە دەبێ ڕۆژی ٢٥\٩ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم کۆبوونەوەکای خۆی ئەنجام داون و سەرجەم حزبەکان، جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ نوێنەری خۆیان بۆ کۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری کردووە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نیزیکدا کۆبوونەوەی پارتی و گۆڕانیش لەو بارەیەوە بکرێت.

کارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار