"بزاوتی بازرگانی ١٥% زیادی کردووە"
_-_Copy__2017_07_24_h17m43s18__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- بە ھۆی ھاتنی شەڕی داعش و بڕینی بوودجەی ھەرێمی کوردستان لە لایەن دەستەڵاتدارانی بەغداوە، زیاتر لە سێ ساڵە قەیرانێکی ئابووری ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە و پێشبینی دەکرێت لەگەڵ نەمانی داعش و پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچەدا کاریگەریی قەیرانەکەش کەمتر بێتەوە.
ئێستا جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستاندا بە بەراورد لەگەڵ پارەکە زیادی کردووە و بە گوێرەی زانیاریی (مستەفا عەبدولڕەحمان)، سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکاران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: ''ئەمساڵ جووڵەی بازرگانی زیاتر بووە لەچاو ساڵانی ڕابردوو، دەتوانین بڵێین، نیزیکەی ١٥% ڕێژەی بازرگانیی ھێنان و بردنی کەلوپەل لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە و بەپێچەوانەشەوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە، ئەمەش دڵخۆشکەرە و پێشبینی دەکەین، ڕێژەکە بەرزتریش بێتەوە و کاریگەریی قەیرانی ئابووری لەسەر ھەرێمی کوردستان کەمتر بێتەوە، کۆمپانیا و بازرگانەکانیش درێغی ناکەن لەو پێناوەدا.''
مووسڵ، وەک دووەم گەورەترین شاری عێراق لە کۆنەوە پەیوەندیی ئابووریی باشی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەبووە و پێشبینی دەکرێت لە دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا ھەرێمی کوردستانیش سوودمەند بێت.
(مستەفا عەبدولڕەحمان) دەڵێت: ''گرتنەوەی مووسڵ کاریگەریی خۆی ھەیە لەسەر قەبارەی بازرگانی و، کۆمپانیاکان و بازرگانانی ھەرێمی کوردستان لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە کارە بازرگانییەکان بۆ شاری مووسڵ، بێگومان خۆمان بۆ قۆناغی ئاوەدانکردنەوەی مووسڵیش ئامادە کردووە، تا ھەرێمی کوردستان لە ڕێی بازرگان و کۆمپانیاکانییەوە ڕۆڵی ھەبێت لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا.''
قائید میرۆ




