٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایان: ریفڕاندۆم ناوچەكانی ١٤٠ دەگەڕێنێتەوە سەر ھەرێم

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  یەكێك لەو خاڵانەی دەستووری عێراق كە جێبەجێ نەكراوە، یەكلاكردنەوەی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لەگەڵ ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفڕاندۆمدا، لە ڕووی یاساییەوە، كێشەكە كۆتایی بێت و بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی كوردستان.

ئەو ناوچانەی کە بە ناوچەی ماددەی ١٤٠ـی دەستووری هەمیشەیی عیراق ناسراون، وەک زۆرێک لە چاودێران دەڵێن، بوونەتە دیفاكتۆ و لەلایەن ھەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە دەبرێن، ھێزی پێشمەرگەی كوردستانیش لەو ناوچانە جێگیر كراوە و (ئاسۆ كەریم)ـیش کە چاودێری سیاسی و شارەزایی لە یاسا و دەستووردا هەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لەبەر ئەوەی ناوچەی ھەستیارن و پێكھاتەكان زیاتر دەكەونە ناوچە كوردستانییەكان پێم وابێت باشترە میساقێكی شەرەف لە نێوان پێكھاتەكاندا بكرێت بۆ ئەوەی لە دەستووری داھاتووی ھەرێمی كوردستاندا، مافەكانیان زامن بكرێت و گەرەنتییەك ھەبێت."

دەستووری عێراق ماددەیەكی داناوە بۆ یەكلاكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكان، ئەویش ماددەی ١٤٠ـی دەستوورە و پێشتر  لە ماددەی ٥٨ـی یاسای كاتیی عێراقدا بڕیار بوو ئەو ناوچانە لە رێگەی چەند ھەنگاوێكەوە، لەوانیش ئەنجامدانی راپرسی، یەكلا بكرێنەوە.

(عەبدولڕەحمان خەلیفە)، پسپۆڕ لە بواری ھەڵبژاردن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراق لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە جێبەجێ نەكراوە و ئەگەر لە من بپرسن، ئەوا لەو باوەڕەدا نیم ھیچ كاتێك دوژمنانی كورد یان روونتر بڵێم لەلایەن دەستەڵاتدارانی عێراقەوە جێبەجێ بكرێت، چونكە پێشتر بەشێك لە سەركردەكانی عێراق ئەوەیان ئاشكرا كردووە و نەیانھێشتووە ئەو ماددە دەستوورییە جێبەجێ بكرێت، ھەتا (نووری  مالیكی) و ھەندێك سەركردەی عێراق باسی ئەوەیان دەكرد ماددەكە بەسەر چووە".
(خەلیفە) دەڵێ، "ھەرێمی كوردستانیش ھەندێ كەمتەرخەمیی ھەبووە و دەبوو ھەندێ رێوشوێن بگرێتە بەر، لەوانە لە دەستووردا ھاتووە دەتوانرێ لایەنی نێودەوڵەتی بێنە نێو كێشەكە و پرسی ناوچەكانی دەكەونە سنووری مادەی ١٤٠ـی دەستووری عێراق چارە بكەن، ئێستایش ھەرێم مافی ئەوەی ھەیە لە دادگای نێودەوڵەتی سكاڵا تۆمار بكات و نەتەوەیەكگرتووەكان بێنێتە نێو پرسەكەوە".

بڕیارە لە ٢٥-٩ـی ئەمساڵدا، ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری بەڕێوە دەچێت.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار