چاودێرێكی سیاسی: ڕەوشی ناوچەكە ھۆكارە بۆ ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی

هەولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی پێی وایە، رەوشی ئێستای ناوچەكە ھۆكار و ھاوكاریشە بۆ ئەوەی ھەرێمی كوردستان ھەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێت.
(رەمەزان نەسرەدین)، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "باشترین ھەنگاوی قۆناغی ئێستا، نەھێشتی كێشە نێوخۆییەكانە و لەیەكترنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانە بۆ ئەوەی كێشەی نێوخۆیان چارە بكەن و ئەو خاڵانەی ھۆكارن بۆ تێكدانی ژینگەی رەوشی سیاسیی ھەرێمی كوردستان، پێویستە كاریان لەسەر بكرێت و نەھێڵدرێن، چونكە بە بڕوای من دابەشبوونی كۆمەڵگە بەسەر دوو بەرەدا لەبارەی پرسە نیشتیمانییەكانەوە، كاریگەریی نەرێنیی خۆی ھەیە و ئەمە دەبێته ھۆكار وڵاتانی ھەرێمی رێگەیان بۆ خۆش بكرێت دەست لە كاروباری ھەرێمی كوردستان و پڕۆسەی ریفڕاندۆم وەربدەن بۆ تێكدانی رەوشی ھەرێمی كوردستان، لە ھیچ وڵاتێكیشدا مەرج نییە ١٠٠%ـی ھاووڵاتیان دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بدەن، بەڵام نایشبێت ھیچ ھێز و لایەنێكی سیاسی دژایەتیی پڕۆسەكە بكات".
(نەسرەدین) گوتیشی، "زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە كێشە و ئاڵۆزییان تێدایە و پێویستە رێگە بگیرێت لە ھەر پیلانێكی دەرەكی دژی پڕۆسەی ریفڕاندۆمی ھەرێمی كوردستان، ھەرچەندە پێم وایە لەوانەیە زۆر ھەوڵی ئەوە بدەن پڕۆسەكە سەر نەگرێت، بەڵام ناتوانن رێگری لەو خواستەی میللەتی ئێمە بكەن".
ئەو چاودێرە سیاسییە دهشڵێ، "ھەر گۆڕانكارییەك لە ھەرێمی كوردستان روو بدات، لە داھاتوودا ھەرێمی كوردستان وەك یاریكەرێكی سەرەكی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست رۆڵی دەبێت، چونكە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا سەركەوتنی بە دەست ھێناوە و دەبێت ئەزموون و ئارامیی ھەرێم لە ناوچەكەدا بمێنێ، لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٠ دەرفەتێك پەیدا بوو و ھەندێك گۆڕانكاری روویان دا و كاریگەرییان ھەبوو تا كورد بتوانێ ھەنگاو بنێت بۆ بەدەستھێنانی مافەكانی و، بینیمان چی رووی دا، ئێستایش ھەمان دەرفەتمان بۆ ھاتووەتە پێشەوە و رەوشەكە خۆی ھاوكار و ھۆكارە ھەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێین."
قائید میرۆ




