لە ھەر شارێکی کوردستان پاڕکێک بۆ شەھیدانی شەڕی داعش دروست دەکرێت
_-_Copy__2017_07_22_h18m22s32__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا ژمارەیەک پێشمەرگەی کوردستان گیانی خۆیان بەخت کرد و دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمیش دەیەوێت ژمارەیەک پاڕک و باخچە بە ناوی ئەو شەھیدانەوە دروست بکات.
(لوقمان شێروانی)، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''فەرمانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان دەرچووە بۆ ئەوەی بە ھەماھەنگیی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێم لە ھەر شارێکی ھەرێمی کوردستاندا پاڕکێک بۆ شەھیدانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش دروست بکرێت و بۆ ئەو مەبەستە وەزیری شارەوانی نوسراوی فەرمیی بۆ ھەموو بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی ھەرێمی کوردستان ناردووە، تا زەوی ئامادە بکرێت.''
بە پێی ئامارێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا ١٤١٠ پێشمەرگە شەھید بوونە.
(لوقمان شێروانی) گۆتیشی: ''بە گوێرەی پلانی دەستەی ژینگە بۆ ھەر شارێکی ھەرێمی کوردستان پاڕکێکی سەردەمیانە بە ناوی شەھیدانی شەڕی داعشەوە دروست دەکرێت و چەند شەھید لەو شارەدا ھەبن، بۆ ھەر یەکێکیان دارێک دەڕوێندرێت و ناو و کۆدی شەھیدەکەی لەسەر دەبێت، مەبەست لەو کارەش ئەوەیە تا بزانین شەھیدانمان لە ڕێی ئەو دار و پاڕکانەوەی ھەناسە دەدەن و بۆ نەوەکانی داھاتووش ناویان ھەر بە بەرزی دەمێنێتەوە، بەڵام بەداخەوە بە ھۆی کەمیی بوودجەوە پڕۆژەکەمان ھەندێک دوا کەوتووە و بە بەردەوامی کاری بۆ دەکەین.''
قائید میرۆ




