٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کەمئەندامان: دەنگی خۆمان ده‌خەینە پاڵ ئەو دەنگانەی داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکەن

سەرچاوە: KDP.info
 
 
هه‌ولێر-KDP.info- ھەشت کۆمەڵەی تایبەت بە کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت، پشتوانی لە پڕۆسەی ریفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان دەکەن و رایدەگەیەنن، کەمئەندامان ئامادەن لە رۆژی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ریفڕاندۆم بە بەڵێ بەشداری پڕۆسەکە بکەن و بەرپرسێکی کەمئەندامانیش دەڵێ، ئێمە لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانین.
 
ئەنجوومەنی  کۆمەڵە و رێکخراوە کەمئەندامیەکانی کوردستان لە یاداشتێکیاندا پشتیوانی خۆیان بۆ پڕۆسەی ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی کوردستان رایدەگەیەنن، كه‌ وێنەیەک لە پشتیوانی ئەنجوومەکە گەیشتووتە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان و تێدا ھاتووە، "ئێمە پشتگیری ریفڕاندۆم دەکەین بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بەمافی خۆمانی دەزانین خۆمان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین و بەگرنگیەوە بڕوانینە ئەم  پرسە كه‌ میللەتی کورد چەندین ساڵە خەباتی بۆ دەکات و لەو پێناوەشدا چەندین شەھید و قوربانی و ماڵوێرانی دیوە، ھەر لە کیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەنفالکردنی بارزانیەکان و ئەنفالی گەرمیان و خاپوورکردنی زیاتر لە چوار ھەزار گوندی کوردستان.
 
لە بەشێکی دیکەی یاداشته‌کەیاندا ھاتووە، "ئێمە وەک چین و توێژەکانی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت بەمافی رەوای خۆمانى دەزانین وەک گەلانی دیکەی جیھان ببین بە دەوڵەت و خاوەن کیانێکی سەربەخۆ، لەبەر ئەوەش داوا لە گشت چین و توێژەکان بەتایبەتی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەین لە رۆژی ٢٥ی ئەیلوول بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدەن، ئەوەش ھەمووی لەپێناو بەدەستھێنانی ئامانج و ئاواتی خەڵکی کوردستان.
 
لای خۆشیەوە (عادل زوبێ)ر، ئەندامی کۆمەڵەی ژینى کەمئەندامان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی رایگەیاند، "زۆربەی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت ئامادەیی خۆیان نیشانداوە لە رۆژی ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفڕاندۆم بەشداری تێدا بکەن و دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ ئەو دەنگانەی داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، چونکە ئێمەش وەک چینێکی گرنگی نێو کۆمەڵگە ھەمیشە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکاندا جێی پەنجەمان دیاربووە.
 
 
قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار