٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

٦ لایەنی باکووری کوردستان پشتگیری لە ریفراندۆم دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

 

دهۆک-KDP.info-  لە دیاربەکری باکووری کوردستان، شەش پارتی کوردی و چەندان رێکخراو و کەسایەتی، پشتگیریی خۆیان بۆ ریفراندۆمی هەرێمی دەربڕی.

لایەنەکان بریتین لە (بزووتنەوەی ئازادی، پارتی ئازدیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان- باکوور، پارتی دیموکراتی کورد-تورکیا، پارتی سۆسیالیستی کوردستان، پارتی ئازادیی سۆسیالیزم)، لەگەڵ چەندین کەسایەتیی سیاسیی سەربەخۆ و نووسەرانی دیاری باکووری کوردستان.

(موستەفا ئۆزچەلیک) سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: ''ئەم شەش لایەنە رایانگەیاند، ئەم ریفراندۆمە لە کاتێکی گونجاویدایە، ئێمە ئەو شەش لایەنە، پشتگیریی ریفراندۆمەکە بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەکەین."

ئەوەیشی گوت: ''هەرشەش پارتەکە، داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کرد، رێز لە ئیرادەی خەڵکی باشووری کوردستان بگرن، چونکە ئەمە مافی گەلی کوردە، تا وەک هەموو گەلانی دنیا کوردیش هەمان مافی هەبێت. هیوادارین هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم گەلەکەمان درووست نەبێت.''
سەرکردایەتیی سیاسیی باشووری کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بڕیاریان دا، ٢٥/٩ـی ئەمساڵ، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان ساز بدرێ.
پاش ئەم بڕیارە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ڕاسپارد، ئامادەکاری بۆ سازدانی ئەم پڕۆسە گرینگ و چارەنووسسازە بکات.

(ئۆزچەلیک) باوەڕی وایە، کە ریفراندۆمەکەی باشووری کوردستان کاریگەریی گەورەی لەسەر جیهان دروست کردووە، وڵاتان باس لێ دەکەن، بێگومان کاریگەریی بەسەر کوردانی پارچەکانی دیکەشەوە دەبێت و گوتی "چونکە ریفراندۆم دەبێتە دەرگایەک بۆ ئازادیی کوردانی پارچەکانی دیکەش، بۆیە ئێمە وەک کوردانی باکوور بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی برایانی خۆمان لە باشوور دەکەین، هیوادارین خەڵکی باشووری کوردستان بە رێژەیەکی زۆر بەشداریی تێدا بکات و ئەنجامێکی باشی هەبێت.''

سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان بە باشی نازانێ هیچ لایەنێکی سیاسیی کوردستانی، بە هۆی کێشە حزبییەکانیانەوە دژایەتیی ریفراندۆم بکەن، چونکە ئەم ریفراندۆمە چارەنووسی گەلی پێوە بەندە نەک بە حزبێک، بۆیە پیویستە ئەم هەلە مێژووییە لە دەست نەدەن.''

کاروان باعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار