باكوورییەكان: ئومێدێكی زۆرمان بە ریفراندۆمی باشوور هەیە
__2017_07_13_h11m20s34__RM.jpg)
باكووری كوردستان-KDP.info- كوردانی باكووری كوردستان، بە ئۆمێدەوە دەڕواننە ریفراندۆمی باشووری كوردستان و، داوا لە خەڵك و هەموو حزب و لایەنەكان دەكەن، رۆژی 25/9 روو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن.
(سەدرەددین ئیسماعیل) كە خەڵكی ناوچە سنوورییەكانی باكووری كوردستانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێویستە هیچ وڵاتێك لە سەربەخۆیی كوردستان نەترسێت، هەموو گەلانی جیهان خاوەنی دەوڵەتی خۆیانن، كەچی گەلی كورد 50 ملیۆن كەسە و نەبووەتە دەوڵەت، بۆیە ریفراندۆم بۆ ئەوەیە ئێمە بە مافە ڕەواكانی خۆمان بگەین".
ئەو هاووڵاتییە گوتیشی: "هەرچەندە ناتوانین دەنگ بدەین، بەڵام داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان دەكەین دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن، چونكە ئەوە هیوا و ئاواتی هەر تاكێكی كوردە كە بە درێژایی مێژوو قوربانی دەدات بۆ ئەوەی گەلی كورد خاوەنی وڵاتی خۆی بێت".
(سابیر فەخرەددین)ـی خەڵكی شەمزینان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكەم، بۆ بەدیهێنانی خەونی لەمێژینەی گەلی كورد یەكدەست و یەكدەنگ بن و بەری ڕەنجی چەند ساڵەی چینوتوێژەكان بە خەسار نەدەن، بۆ بەدیهێنانی خەونەكەمان دەنگدانی خەڵكی باشووری كوردستان بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی كوردستان، هیوا و ئاواتی ئێمە بەدی دەهێنێت".
(عوسمان جەیتۆ)ـی باكورییش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونی كردەوە: "ئێمە وەك خەڵكی باكووری كوردستان ئومێدێكی زۆرمان بە ریفراندۆمی باشووری كوردستان هەیە، چونكە بەدیهێنانی خەونی گەلی كورد لەو بەشەدا، وا دەكات كە خەڵكی پارچەكانی دیكەیش سەربەخۆ بن".
(عوسمان) دەشڵێت: "خۆزگە ئێمەیش بماتوانیبایە دەنگ بدەین، بۆ ئەوەی دەنگی (بەڵێ) رێژەیەكی پێوانەیی تۆمار كردبایە و وا لە جیهان بكەین كە بڵێن كورد دەبووایە لەمێژ بوو سەربەخۆ بوونایە، بەڵام مادام ئێمە دەنگ نادەین، داوا لە خەڵكی خۆمان لە باشووری كوردستان دەكەم هەموو چینوتوێژەكان پاڵپشتیی ریفراندۆم بكەن و بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن".
لە كۆتاییدا ( ئایدن حەسەن) كە هاووڵاتییەكی دیكەی باكووری كوردستانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "(سەرۆك بارزانی) نوێنەرایەتیی هەموو گەلی كورد لە هەر چوار بەشی كوردستان دەكات، ئێمە ئومێدێكی زۆرمان بە سەرۆكی كوردستان هەیە، چونكە هەر ئەو بوو ڕێگری لە تیرۆریستان كرد و ڕێگەی نەدا بێنە باشووری كوردستان، لەگەڵ ئەوەی ناووبانگ و دیپلۆماسییەتی (سەرۆك بارزانی) وای لە جیهان كردووە، كە لەسەر گەلی كورد لە پارچەكانی دیكەیش بەجواب بێن، ئێستایش كە داوا لە وڵاتان دەكات بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری بۆ سەربەخۆیی، كوردی باكووری كوردستانیش چاوی لەسەر باشوورە بۆ ئەوەی گەلی ئێمە لە باشووری كوردستان سەربەخۆ بن".
ڕابین شێروانی




