٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكێتیی پەرلەمانتاران: چوونی شاندی ھەرێم بۆ ئەورووپا، پرۆسەی ریفراندۆمی راستەڕێ كرد

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان دەڵێت، یەكێك لە ھەنگاوەكانی پرۆسەی ریفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان، سەردانیكردنی وڵاتانە بۆ ئەوەی زانیارییان لەبارەی ئەو پرۆسەیە پێ بدرێت، بۆیە چوونی شاندی ھەرێم بۆ یەكێتیی ئەورووپا، پرۆسەكەی راستەڕێ كرد.

(نیعمەت عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، پێویستە شاند بچێتە وڵاتانی ئەورووپا و وڵاتانی دیكە، تا ڕوونكردنەوە لەبارەی ئەو پرۆسەیەوە بدرێت، بۆیە چوونی ئەو شاندەی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ یەكێتیی ئەورووپا، ھەنگاوێكی باش و ئەرێنییە".

(عەبدوڵڵا) گوتیشی، "تێگەییشتنی وڵاتانی ئەورووپا و وڵاتانی دیكە لەبارەی پرۆسەی ریفراندۆمەوە، گرینگیی خۆی ھەیە، بۆ ئەوەی ئەوانیش ئاگادار بن ھەرێمی كوردستان ئەو پرۆسەیە ئەنجام دەدات، بۆیە ئەوانیش ئێستا دەزانن ھەرێمی كوردستان بەنیازی چییە و بۆچی ریفراندۆم ئەنجام دەدات، ئەمەیش ھەنگاوێكی زۆر گرینگە سەبارەت بە ھەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە سەردانی وڵاتانی دیكەیش بكرێت".

سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان ده‌شڵێ، "لە ھەموو دنیادا وایە ھەر شوێنێك بیەوێت ریفراندۆم بكات، یەكێك لە ھەنگاوەكان سەردانی وڵاتانە و پێدانی زانیارییە بە ئەوان بۆ ئەوەی ئەوانیش ئاگادار بن لە ئەنجامدانی پرۆسەكە.

دەشڵێت، "چوونی ئەو شاندەی ھەرێمی كوردستان بۆ یەكێتیی ئەورووپا، یەكێكە لە ھەنگاوە گرینگەكانی پرۆسەی ریفراندۆم و، ئێستایش بەو ھەنگاوە، پرۆسەی ریفراندۆم راستەڕێ بووە و رێرەوی خۆی وەرگرتووە".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار