٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێخ شامۆ: ڕیفراندۆم ئازار و مەینەتییەکانی پێکهاتەکان ساڕێژ دەکات

سەرچاوە: KDP.info

برۆکسل-KDP.info- (شێخ شامۆ) دەڵێت، (سەرۆک بارزانی) پلانێکی باشی داڕشتووە بۆ ڕازیکردنی دەوڵەتان تا پشتگیری لە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بکەن. دەشڵێت، ئێمە وەک کوردانی ئێزدی بە هەموو شێوەیەک ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بە چارەی تەواوی کێشەکان دەزانین، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین تا ڕیفراندۆم سەر بکەوێت.

دوێنێ لە گوتاریدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپادا بۆ ئەورووپا و جیهانی نیشان دا، کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی پێکەوەژیانەوە نموونەیەکی جوانی دیموکراسییە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە خوێن پێکهاتەکان و خەڵکی کوردستان و ئاوارەکانیشی پاراست، هاوکات ئەورووپا لەو سەرنج و لێدوانانەی کە هەیانبوو پەیامێکی ناڕاستەوخۆیان دا بە وڵاتانی ناوچەکە، کە ئەوان پشتی کورد دەگرن و کورد لە ناوچەکەدا بە تەنیا نییە، ئێستاش ماوەتەوە خەڵکی کوردستان بڕیاری خۆی بدات لە ٢٥-٩-٢٠١٧دا.

سەبارەت بەو سەردانە، ئەندامی شاندی باڵای ڕیفراندۆم بۆ پەرلەمانی ئەورووپا، (شێخ شامۆ)، کە هاوکات نوێنەری کوردانی ئێزدی بوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''کوردانی ئێزدی هەموو هەوڵیک دەدەین بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم سەر بکەوێت، چونکە کوردانی ئێزدی بە درێژایی مێژوو هێج  خۆشییەکیان لە عێراق نەدیوە و پاراستوو نەبوونە، لەبەر ئەوەش هەموو هەوڵیک دەدەین، کە ئەم پرسەی گەل سەر بکەوێت و ئەورووپاش پشتی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەگرێت.''

(سەرۆک بارزانی) لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا، کە پێکهاتەکانی کوردستانی چۆن بخوازن، ئەوان ڕێز لە ڕا و بۆچۆنی ئەو پێکهاتە ئایینیانە دەگرن. (شێخ شامۆ) دەڵێ: ''هەموو پێکهاتە کوردستانییەکان  لە برۆکسل بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) دیاری دەکەین، کە تاکە چارەسەری ئێش و ئازارەکانی پێکهاتەکانی کوردستان بە گشتی و ئێزدییان بە تایبەتی سەرکەوتنی ڕیفراندۆمە، بۆیە هەموو هەوڵێکی بۆ دەدەین تا پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت.''


لە ئاکامێکی دیکەی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەریدا بۆ پەرلەمانی ئەورووپا دەرکەوت، کە پەرلەمانی ئەورووپا شەرعییەت دەداتە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان و سەبارەت بەم پرسەش، (شێخ شامۆ) دەڵێت: ''(سەرۆک بارزانی) پلانێکی باشی داڕشتووە بۆ ئەوەی دەوڵەتانی دنیا ڕازی بکات، کە پشتگیری لە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە کوردستان نابێتە مەترسی بۆ سەر هیچ وڵاتێک و دەبێتە پێگەیەکی بەهێز بۆ سەقامگیریی ئاشتی لە جیهاندا بۆیە پەرلەمانی ئەورووپایش پێشوازی لە ئەنجامی ریفراندۆمدا دەکەن.''

جێی ئاماژەیە لە کۆبوونەوەی ٧-٦-٢٠١٧دا بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا، کە ٢٥-٩-٢٠١٧ ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان بکرێت.

کاروان باعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار