٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ریفراندۆم لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەژێر پارێزگاریی پێشمەرگەدا بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمدا دەڵێن، ھێزی پێشمەرگە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دەپارێزێت، بۆیە ڕیفراندۆم لەژێر پارێزگاریی ھێزی پێشمەرگەدا بەڕێوە دەچێت.

دوێنێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، (مەسعوود بارزانی)، لە پەرلەمانی ئەورووپادا ڕایگەیاند، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ٣٠ هەزار کیلۆمەتری لە دەستی داعش ڕزگار کردووە و  ١٥ هەزار داعشیش لە شەڕدا تێدا چوونە، ئەو هەواڵە بۆ پەرلەمانتارانی ئەورووپا ورە و دڵنیاییەکی زۆر بوو، کە پێشمەرگە توانیویەتی سەرکەوتنێکی جیهانیی گەورە لە دژی داعش تۆمار بکات و ئوستوورەی تیرۆر لە ناوچەکەدا بشکێنێت.

ئێستاش کە هەرێمی کوردستان خۆی بۆ ڕیفراندۆم ئامادە دەکات، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش لەو ڕیفراندۆمە بەشدار دەبن، بۆ ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە دەڵێن، ڕیفراندۆم لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەژێر پارێزگاریی هێزی پێشمەرگەدا بەڕێوە دەچێت.

(حەمید ئەفەندی)، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشیک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھێزی پێشمەرگە ناوچەکانی خۆی دەپارێزت، کە ڕزگاری کردوون و پارێزگارییان لێ دەکات، بۆیە کاتێک ڕیفراندۆمیش ئەنجام دەدرێت ھێزی پێشمەرگە خەڵکەکەی دەپارێزێت، بۆیە ھیچ کێشەیەک ڕوو نادات و پرۆسەکە بەبێ کێشە بەڕێوە دەچێت.''

(ئەفەندی) ڕوونی کردەوە: ''خەڵکی ئەو ناوچانە لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدان و بەشداریی تێدا دەکەن، بۆیە ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ڕێنمایی تایبەت بە ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم بگاتە دەست ھێزی پێشمەرگە و فەرماندەکانی.''

(ئەفەندی) گوتی: ''ئێمەش، وەکو ھێزی پێشمەرگە بە ھەموو شێوەیەک لە ئامادەباشیداین بۆ پارێزگاریی خەڵک لە کاتی بەرێوەچوونی پرۆسەی ڕیفراندۆمدا.''

هێزی پێشمەرگە توانی شنگال لە دەستی داعش دەربێنێت و ڕزگاری بکات و ئێستاش پارێزگاریی لێ دەکات، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، لیوا (ھاشم سیتەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە کاتی بەرێوەچوونی پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمدا ھێزی پێشمەرگە پارێزگارییان لێ دەکات و بەبێ کێشە بەڕێوە دەچێت، چونکە ھێزی پێشمەرگە لەوکاتەوە کە چوونەتە ئەو ناوچانە، خەڵکی ئەو ناوچانە زۆر ھەست بە ئارامی دەکەن و دڵنیان کە ھێزی پێشمەرگە زۆر بە باشی دەیانپارێزێت.''

لیوا (ھاشم سیتەیی) ڕوونی کردەوە: ''ئێمە لە ناو ئەو خەڵکەداین و دەزانین ڕای ئەوان چۆنە، چونکە لە ساڵی ٢٠٠٣وە سوپای عێراق و ھێزە عێراقییەکان زوڵم لە خەڵکی ئەو ناوچانە دەکەن، بۆیە ئێستا کە پێشمەرگە چوونەتە ناوچەکانی ئەوان و پارێزگارییان لێ دەکەن، زۆر بەپەرۆشن بۆ ئەوەی ڕۆژی ڕیفراندۆم بێت و بچن بە ''بەڵێ'' دەنگی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بە یەکجارەکی بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگەش پارێزگارییان لێ بکات.''

ھەر لەمبارەیەوە فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووک، عەمید (بارزان ئەحمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھێزی پێشمەرگە پارێزگاری لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم دەکات و ئەمنییەتی ئەوان دەپارێزێت و ئێستا ھیچ کێشەیەکی ئەمنییان نییە، بۆیە زۆر تێنووی ئەوەن ببێتە ڕۆژی ڕیفراندۆم و بە ''بەڵێ'' دەنگی خۆیان بدەن، چونکە ئەمانە زۆر زوڵمیان لێ کراوە و دەیانەوێت چەند زوو بێت ناوچەکانیان بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان.''

عەمید (بارزان ئەحمەد) گوتیشی: ''خەڵکی ئەو ناوچانە ھەمووی لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمن بەبێ جیاوازی و دوور لە ئینتیمای حزبی، چونکە دەیانەوێت ھەرێمی کوردستان سەربەخۆ بێت، بۆیە ڕیفراندۆم بەبێ کێشە و بە ئارامی و لەژێر پارێزگاریی ھێزی پێشمەرگەدا بەڕێوە دەچێت.''

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار