سەردانی شاندی کوردستان بۆ ئەورووپا ئەرێنییە.. کێشەی قووڵیان لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان نییە

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتکارانی کورد دەڵێن، سەردانی لێژنەی باڵای ڕیفراندۆم بۆ دەرەوە باشە، چونکە بە شێوەیەکی گشتی، ئەورووپا و ئەمریکا ڕاستەوخۆ کێشەی قووڵیان لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستاندا نییە، ئەوەی کودستانیش لێیانی داوا دەکات روونە، داوای پشتگیری ڕاستەوخۆ ناکات، بەڵکو داوا دەکات ئەگەر لەگەڵیش نابن، با دژ نەبن.
دوێنێ ١١-٧-٢٠١٧، (چارلس تانۆک) پەرلەمانتار و گوتەبێژی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، هەروەها چەند پەرلەمانتارێکی ئەورووپایی، لەگەڵ شاندی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆکایەتیی (سەرۆک بارزانی) کۆ بوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا (چارلس تانۆک) ھیوای خواست، وڵاتانی ئەورووپا ئەگەر پشتیوانیی گشتپرسی بۆ سەربەخۆییی کوردستان نەکەن، لانیکەم بێلایەن بن و گوتی "وای نابینم لەنێو یەکێتیی ئەورووپادا دەوڵەتێک ھەبێ تەواو دژی بیرۆکەی سەربەخۆییی کوردستان بێت. ھیچ کەس باوەڕی بەوە نییە ئێوە شایستەی دەوڵەتی سەربەخۆ نەبن. بەتایبەتی لەم کاتەدا لە تێکشکاندنی داعش کاری زۆر باشتان کردووە".
پەیوەست بەو پرسە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان (ئەبوبەکر کاروانی) باوەڕی وایە، بە شێوەیەکی گشتی، ئەورووپا و ئەمریکاییەکان کێشەی قووڵیان لەگەڵ مەسەلەی ڕیفراندۆمی کوردستان نییە و، تێگەیشتینیان بۆ ئەم ھەنگاوە ھەیە، ئەوەی کوردستانی باشووریش لە وان داوای دەیکات ڕوونە، داوای پشتگیرییەکی ڕاستەوخۆ لە ئەورووپا و ئەمریکا ناکات، بەڵکو داوایان لێ دەکات تێگەیشتنیان ھەبێـت بۆ ئەم مافەی خەڵکی کوردستان کە مافێکی دیموکراسی و ڕەوای ھەرگەل و میللەتێکە لەو سەر زەوییە."
(کاروانی) زیاتر لەسەر ئەم پرسە دوا و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم شاندەی کوردستان ئەو پەیامە بە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەدا کە ئەگەر بۆ ئەم ھەنگاوە، پشتیوانیی ڕاستەوخۆیش دەرنابڕن دژایەتیان نەبیت، ھەنگاوی ڕیفراندۆم دیارە ئەگەر تێگەیشتنیان ھەبوو دژایەتییان نابێت و، داوای بە دیالۆگ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرکێشەیەک بکەن کە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەکەوێـتەوە لە نێوان ھەولێر و بەغدادا.
چاوەڕێ دەکرێ ڕۆڵی ناوبژیوانی لە قۆناغی داھاتوودا بگێڕن بۆ ئەوەی کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و بەبێ خوێنڕشتن و کێشەی گەورە و قووڵ کۆتایی پێ بێـت، بۆیە ھەموو ھەنگاو و سەردانێک بتوانێـت ئەم ئامانجانە بەدی بێنێ، دیارە سەردانەکە سەرکەوتووە."
لە یەکەم چالاکیی دیپلۆاسیدا، (سەرۆک بارزانی) کە سەرۆکایەتیی شنادی کوردستانی بۆ یەکێتیی ئەورووپا کردووە، دوێنێ لە پەرلەمانی ئەورووپا گوتاری دا و تێیداباسی پێوەندیی ھەرێمی کوردستانی لەگەڵ عێراق کرد و، دابەشی سەر دوو تەوەری کرد.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئێمە وەک خەڵکی کوردستان سەدساڵ زیاترە ھەوڵمان دا کە شەراکەتێک و عێراقێکی فیدراڵی بنیات بنێین بەداخەوە ھیچ ئاکامێکی نەبووە، بۆیە ئیستا دەمانەوێ سەربەخۆ بین و ببین بە دوو جیران."
لەبارەی وتارەکەی سەرۆکی هەرێمەوە، سیاسەتکاری کورد (مەحموود عوسمان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم وتارەی دوێنێی (بارزانی) باش بوو، کە لەگەڵ بەغدا بە دیالۆگ کێشەکانی نێوانمان چارە بکەین، تایبەت دەربارەی ئەو ناوچانەی کە لە دەرەوەی ھەرێمن و ڕیفراندۆمیان تێدا دەکرێـت، دەبێـت بەغدا ئاگادار بێت و دژ نەبێت و کێشەمان بۆ دروست نەکات، بە دڵنیایی ھەمیشە داوا دەکەین لە دەرەوە و لە چواردەوریشمان ئەگەر لەگەڵیشمان نابن تەنھا دژ نەبن."
(د. مەحموود عوسمان) دەڵێ: "بە بڕوای من ئەو کۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆمە، دوای ھاتنەوەیان لەو سەردانەی دەرەوە، چەند زووتر بتوانن گفتوگۆیەکی جیددی لەگەڵ بەغدا دەست پێبکەن باشترە، بۆ ئەوەی بتوانن جۆرە لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ بەغدا بکەن."
ئەو سیاسەتکارەی کورد جەخت دەکاتەوە لەوەی، کە ھەموو سەردانەکان ئەرێنین و گوتیشی، "بمانەوێ و نەمانەوەی کاتێک خەریکی کاریک بین، پێویستە حیساب بۆ ھەموولایەک بکرێت و ئاگادار بکرێنەوە، بۆیە ھەرسەردانێ بۆ شیکردنەوەی کێشەکانمان بکرێ، بێگومان ئەرێنییە و سودبەخشە بۆمان؛ هەڵبەتە لە میانی سەردانەکاندا تێدەگەین ئایا کێ لەگەڵە و کێیش لەگەڵ نییە، ئینجا بەرچاومان ڕوون دەبێـت جا کاری خۆمان دەکەین."
فایزە کۆیی




