فڕاكسیۆنی پارتی له بەغدا: زمانی زبر ره‌ت ده‌که‌ینه‌وه

به‌غدا-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لەبارەی کۆبوونه‌وه‌ی چوار فراکسیۆنی کوردستانی له‌گه‌ڵ (عه‌ممار ئه‌لحه‌کیم) ڕایدەگەیێنێ، زمانی زبر ره‌ت ده‌کاته‌وه و دووپاتی ده‌کاته‌وه که ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی، مافی گه‌لی کورد و کوردستانیانه و ناوبراویش لەو داخوازییەی گه‌لی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە.
ده‌قی به‌یاننامه‌ى فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق، كه وێنه‌یه‌كى دراوه به ماڵپه‌رى فه‌رمیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان:
له رێکه‌وتی(٨/٧/٢٠١٧) و له سه‌ر داخوازیی فراکسیۆنی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و به‌بێ هه‌ماهه‌نگیی پێشتر له‌گه‌ڵ فراکسیۆنەکەمان، هەر چوار فراکسیۆنی (یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو) کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان له‌گه‌ڵ به‌رێز(عه‌ممار ئه‌لحه‌کیم) سه‌رۆکی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی و سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی ئه‌نجام دا؛ تێیدا سه‌ماحه‌تی (عه‌ممار ئه‌لحه‌کیم) جارێکی تر و به توندی دژایه‌تیی خۆی بۆ پرسی ریفراندۆم و بڕیاری خه‌ڵکی کوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌ربڕیوه، به داخه‌وه زمانی زبر و هه‌ڕه‌شه‌ی به کار هێناوه، له کاتێکدا له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا گوێبیستی چه‌ندین لێدوانی له‌وجۆره بووین له به‌ڕێزیان، که به‌داخه‌وه ئه‌م جۆره لێدوانانه له مێژووی سیاسی و که‌سایه‌تیی بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزیان زۆر دووره.
ئێمه له فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان جگه له‌وه‌ی نیگه‌رانی ئه‌م جۆره لێدوانانه‌ین له به‌ڕێزیان، ئه‌وا هه‌ر زمانێکی زبر ره‌ت ده‌که‌ینه‌وه و دووپاتیشی ده‌که‌ینه‌وه که سه‌ربه‌خۆیی و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم مافی گه‌لی کورد و کوردستانیانه و ئه‌م بابه‌ته‌شمان به روونی و به‌بێ شه‌رم له کۆبوونه‌وه‌ی چه‌ند مانگ پێشی فراکسیۆنمان له‌گه‌ل به‌ڕێز(عه‌ممار ئه‌لحه‌کیم) باس کردووه و، داخوازیی گه‌لی کوردستان‌مان پێ گه‌یاندووه؛ له‌وه‌ش دڵنیایین و ئه‌و دڵنییاییه‌شمان داوه‌ته هه‌موو لایه‌ن و فراکسیۆنه عێراقییه‌کان، که ئه‌م جۆره لێدوانه زبرانه هیچ خزمه‌ت به ئاشتی و مرۆڤایه‌تی ناگه‌یه‌نێت به تایبه‌ت له عێراقێک که به ده‌ست زۆر قه‌یرانه‌وه ده‌ناڵێنیت.
له‌و قۆناغه ناسکه‌ش که گه‌لی کورد و کوردستانیان پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بین و، له‌کاتێکدا که له گه‌یشتن به ئاواته له‌مێژینه‌که‌مان که سه‌ربه‌خۆیییه نزیک ده‌بینه‌وه، هیوامان وایه که هه‌موو تاک و پارت و فراکسیۆنێکی کوردستانی به گیانێکی کوردستانیانه هه‌وڵ بدات بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پرۆسه پیرۆزه و به رۆحی دۆستانه و ئاشتیانه و به زمانی مه‌نتق، وه‌ڵامی هه‌ر ده‌نگێکی زبر بداته‌وه که ده‌یه‌وێت کوردستانیان به مافی سه‌ربه‌خۆیییان شاد نه‌بن. هه‌ر لێره‌وه‌ش جارێکی تر ده‌ستخۆشی له برای به‌ڕێزمان (د. موسه‌ننا ئه‌مین) سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتوو له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌که‌ین که له کات و شوێنێکی گونجاو، به گفتوگۆیه‌کی تێروتەسەل، به‌رگری کردووه له گه‌ل و نیشتمانێکی زوڵملێکراو.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
۱۱/۷/۲٠۱۷
نه‌شوان به‌رزنجى




