٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەنگدان لە باشووری کوردستان لە ڕێی سندووقەوەیە.. دەنگدانی تاراوگەنشینان ئەلیکترۆنییە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان گوتی، وا خەریکی پڕۆژەیەکن بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی دەنگدانی کوردانی تاراوگە و، ئەنجوومەنی کۆمسیارانیش سەردانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دەکات لەبارەی چۆنیەتیی دەنگدان.

گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردن وراپرسی لە ھەرێمی کوردستان (شیروان زرار)، بە ماڵپەر فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "لە ماوەی رابردوو گرێبەستمان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک کردووە؛ ئێستا رێکارەکانی ھەمووی تەواو بوونە، گرێبەستەکان پێوەستن بە دابینکردنی کارتی دەنگدان و پێداویستیی لۆجستی بۆ رۆژی دەنگدان."
گوتیشی، لیژنەیەک دروست کراوە بۆ ئەوەی دەنگدانی خەڵکی تاراوگە بەشێوەی ئەلکترۆنی بێت، ئەنجوومەنی کۆمسیارانیش دەیەوێ بزانێ تێچووی ئەو پڕۆژەیە چەند دەبێت و دەڵێ، "ھەرکاتێک راپۆرتی لەوبارەوە ئاراستەی ئێمە کرا ئەنجوومەن دەنگی لەسەر دەدات."
(شێروان زرار) هەروەها گوتی، لەبارەی چۆنیەتیی دەنگدانی هاووڵاتیانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، هەروەها پێویستییەکان بۆ ڕۆژی دەنگدان و ژمارەی پیویستی بنکەی دەنگدان، ئەنجوومەنی کۆمسیاران سەردانی ئەو ناوچانە دەکات و لەوێ لەگەڵ ئیدارەی پارێزگاکان بڕیاری لەبارەوە دەدەن.

لەبارەی ئەوەیشەوە کە دەنگدان لە ناوجە کوردستانییەکان چۆن دەبێ، (زرار) ڕوونی کردەوە "پرۆسەی دەنگدان لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ھاوشێوەی ھەرێم لە رێگەی سندووقی دەنگدانەوە دەبێت، بەڵام لە دەرەوەی وڵات بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت."

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار