ئاگره‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه له په‌ره‌سه‌ندندایه؛ فڕۆكەی ئێران به ئاسمانی ناوچه‌كه‌دا ده‌سوڕێنه‌وه

هه‌ڵه‌بجه-KDP.info- له دوێشه‌وه‌وه ئاگرێكی زۆر له شاخه‌كانی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور كه‌وتووه‌ته‌وه، كه بووه‌ته هۆكاری سوتانی ڕووبه‌رێكی فراوانی پاوان و دارستانی شاخه‌كانی بۆین و گریانه‌ی سه‌ر به پارێزگای هه‌ڵه‌بجه.
(نه‌وشیروان محه‌ممه‌د) هاووڵاتی ئه‌و سنووره‌یه و ئێستایش سه‌رگه‌رمی كوژانه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره‌ن كه له شاخه‌كانی بۆین و گریانه كه‌وتووەته‌وه، به ماڵپه‌ڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند، له دوێنی ئێواره‌وه ئاگرێكی گه‌وره كه‌وتووەته‌وه له شاخه‌كانی گونده‌كانی بۆین، گریانه و هاواره كۆن و، زیاتر له 300 دۆنم له دارستان و پووش و پاوانه‌كان سوتاوه‌ن.
(محه‌ممه‌د) گوتی، "ئاگره‌كه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه، كه‌وتووەته‌وه و ته‌شه‌نه‌ی كردووه بۆ باشووری كوردستان؛ ئاگره‌كه له په‌ره‌سه‌ندندایه و ئه‌گه‌ر زوو كۆنتڕۆڵ نه‌كرێت، زیانی زۆر زیاتری ده‌بێت. هه‌رئێستا و له‌كاتی قسه‌كردنم بۆ ئێوه دوو فڕۆكه‌ی سه‌ربازی ئێرانی هاتن و به‌سه‌ر ئاسمانی ناوچه‌كه‌دا سوڕانه‌وه."
گوته‌بێژی پۆلیسی دارستانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه (زانیار عومه‌ر) به ماڵپه‌ڕی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، کە تیمی تایبه‌تیان ڕه‌وانه‌ی شوێنی ئاگره‌كه كردووه بۆ كۆنتڕۆڵكردنی، به‌ڵام ناوچه‌كه ناوچه‌یه‌كی زۆرسه‌ختی شاخاوییه.
گوته‌بێژی پۆلیسی دارستانی هه‌ڵه‌بجه گوتیشی، "به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی پێمان دراوه، ئه‌مڕۆ هێزه‌كانی ئێران له‌سه‌ر سنووره‌كان ته‌قه‌یان كردووه، ئه‌وه‌ش بووەته هۆكاری زیاتركردنی ئاگره‌كه، له‌و شاخانه كه زیانێكی زۆری به دار و پووش و پاوانی ئه‌و سنووره گه‌یاندووه."
هێڤیار هه‌ڵه‌بجه‌یی




