دیندار دۆسکی: ڕای یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی ریفراندۆمەوە ئیجابی دەبێت

ھەولێر-KDP.info- (دیندار دۆسکی)ـی سیاسەتمەدار دەڵێت، سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ یەکێتیی ئەورووپا ھەنگاوێکی زۆر گرینگە و باوەڕیشی وایە کە، رای ئەوان ئیجابی دەبێت.
چونکە پێگەی ھەرێمی کوردستان ئێستا لەسەر ئاستی جیھان زۆر بەھێزە وگوێ لە کورد دەگیرێت،بۆیە پێویستە ئەودەرفەتە لەدەست خۆمان نەدەین وھەموولایەنەکانیش پشتگیری لەوشاندە بکەن.
دوێنێ دووشەممە، شاندی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆکایەتیی (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەرەو بڕۆکسل کە پەرلەمانی عەورووپای لێیە، بەڕێکەوت.
وا بڕیارە، شاندی باڵای ڕیفراندۆم لەگەڵ سەرۆکفراکسیۆنەکانی یەکێتیی ئەورووپا و بەرپسانی دیکەی ئەورووپا دیادر و کۆبوونەوەیان هەبێ.
لەوبارەوە (دیندار دۆسکی) سیاسەتمەداری باشووری کوردستان بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "چوونی شاندێکی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ھەرێمی و بە بەشداریی نوێنەری لایەن و پێکھاتەکان بۆ یەکێتیی ئەورووپا، ھەنگاوێکی زۆر گرینگە، چونکە ھەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ھەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆسەی ریفراندۆم بایەخی خۆی ھەیە. شاندی ھەرێم لەبارەی ھەڵوێستی کورد و کارەساتەکانی بە سەری کورددا ھاتووە، هەروەها دۆخی عێراق گفتوگۆ دەکەن.
(دیندار دۆسکی) جەخت دەکاتەوە لەوەی کە، گرینگە سەرکردایەتیی سیاسی، ھەڵوێست و داواکاریی گەلی کورد بگەیێنینە ئەو وڵاتانە و ھاوکات باسی دۆخی عێراقیشیان بۆ بکەن، هەڵبەت ئەمە ھەنگاوێکی ئیجابییە و سودی بۆ پرۆسەی ریفراندۆم ھەیە.
ئەو دەڵێ، "ئەم ھەنگاوانە زۆر پیرۆز و پێویستن کە پێش ئەوەی ریفراندۆم ئەنجام بدرێت بنرێن، خۆی جگە لە یەکێتیی ئەورووپا چەند شاندێکی دیکە سەردانی وڵاتانی ھەرێمییش دەکەن و، لەبارەی پرۆسەی ریفراندۆمەوە باسوخواسیان دەبێ."
(دیندار دۆسکی) باوەڕی وایە کە، رای یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی داواکاریی گەلی کوردەوە کە ریفراندۆمە، ئیجابی دەبێت، چونکە دۆخی عێراق بەوشێوەیە نییە ھەرێم لەگەڵ عێراق بەردەوام بێت، لەبەرئەوەی سەرەڕای ئەوەی لەماوەی رابردوو کارەساتی زۆر بەسەر گەلی کورددا ھاتووە لەلایەن عێراقەوە، هێشتا لە رێگەی کەناڵەکانەوە لە ھەڕەشەکردن لە گەلی کورد بەردەوامن و لێدوانی دژی کورد دەدەن.
ئەو گوتی، "ڕوونە کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی مەدەنی لە عێراقدا ئەستەمە، بۆیە قسە لەسەر ئەوەیە کە چۆن دەتوانین پێکەوە بژین؟، ئاخر عێراق دەستوور پێشێل دەکات و یاساکان جێبەجێ ناکات؛ ئەمەش لای هەمووان ئاشکرایە."
(دۆسکی) دووپاتیشی دەکاتەوە کە، لەئێستادا پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیھان زۆر بەھێزە، تێکشکاندنی ئوستوورەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، هێندەی دی پێگەی هەرێم کوردستانی بردە پێش؛ "ئەمە هۆکارێکە کە لەسەر ئاستی جیھانی گوێ لە گەلی کورد دەگیرێت، پێویستە گەلی کوردیش ئەو دەرفەتە زێڕینە لە دەست خۆی نەدات و ھەموو لایەنەکانیش پشتگیری لەو شاندانە بکەن، بۆ ئەوەی سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنن".
بڵند ئیبراھیم




