دیندار زێباری لە وەڵامی هیومان رایتس وۆچدا: کەس بە زۆرەملێ لە کوردستان دەرناکرێت

ههولێر -KDP.info- لە وەڵامی هیومان ڕایتس وۆچدا، سەرۆکی کۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، ئێزدی یان هەر پێکهاتەیەکی دیکە ناچار نەکراون کە بە زۆری پشتگیری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان یان لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو بکەن و دەشڵێ، حکوومەتی هەرێم هەمیشە هاوکاری و پشتگیریی ئێزدییەکانی کردووە لە شەڕی دژی داعش کە شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بجەنگن و بەشداری بکەن لە بەرگریکردن لە خاکی خۆیان و رزگارکردنەوەی.
رۆژی 9/7/2017 رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی بە ناوی (هەرێمی کوردستان: دەرکردنی خانەوادەی جەنگاوەرە ئێزدییەکان) بڵاو کردۆتەوە و تێیدا باس لەوە دەکات کە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک خانەوادەی ئێزیدییان بەشێوەیەکی بە کۆمەڵ سزا داوە و بەرەو ناوچەی شنگال دەرکردووە کە هیچ خزمەتگوزارییەکی پێویستی ژیانی تێدا نییە بە بیانووی ئەوەی کە رۆڵەکانیان لە ریزەکانی حەشدی شەعبین و پێشتر پێیان راگەیاندوون ئەگەر رۆڵەکانیان نەگەڕێننەوە ئەوا ناچار دەبن ناوچەکە جێبهێڵن.
لەم بارەوە (د. دیندار زێباری) سەرۆکی کۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایی تایبەتی داناوە بۆ دامەزراندنی یەکە سەربازییەکان کە پێویستە لە چوارچێوە و بەپێی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بن و هێزی پێشمەرگە کوردستان دژی هەر هێز و لایەن و میلیشیایەک دەوەستنەوە کە هەڕشە لە ئەمن و ئاسایشی هەرێم بکات، بەم پێیەش پەیوەندیکردن بە هەر هێزێکی چەکداری یان میلیشیا لە دەرەوەی یاساکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم بە قەدەغە هەژمار دەکرێت و رێگای پێنادرێت و بە هەڕەشە دادەنرێت بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بە دانیشتووان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە هێزی کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان (زێباری) گوتی، "پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بە پاڵپشتی و هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵیان هەبووە لە شەڕی بەرگری دژی داعش و رزگار کردنەوەی ناوچەکانیان، بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵی 2014 و پاش شەڕی تیرۆریستانی داعش و هێرشیان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان هێزی فەرمی و تایبەتی کریستیان و ئێزیدییەکان دامەزراوە کە لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەیە، هەروەها بەم دواییە هێزی بەرگری لە ئێزیدخانە خراوەتە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە نزیکەی (٤٠٠٠) پێشمەرگە پێکهاتوون، وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتییان دەکات و ڕاهێنان و چەک و پێداویستیی سەربازیشیان بۆ دابین دەکات، بۆ ئەوەی خۆیان بەرگری لە ناوچەکانی خۆیان بکەن و بەشداری بکەن لە رزگار کردنەوەی ناوچەکانیان، چونکە زۆربەی ئەو ناوچانەی کریستیان و ئێزیدییەکان تێیدا نیشتەجێن دەکەونە سنووری ناوچە کێشە لەسەرەکان."
سەرۆکی کۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هەر لەم بارەوە گوتی، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک جیاوازی لە نێوان دانیشتواندا ناکات لەسەر بنەمای ئایین یان نەتەوە یان نەژاد و لەم رووەوە ئێزدییەکان یان هەر پێکهاتەیەکی دیکە ناچار نەکراون کە بە زۆری پشتگیری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان یان لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو بکەن.
حکوومەتی هەرێم هەمیشە هاوکاری و پشتگیریی ئێزدییەکانی کردووە لە شەڕی دژی داعش کە شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بجەنگن و بەشداری بکەن لە بەرگریکردن لە خاکی خۆیان و رزگارکردنەوەی."
ئاماژەی بەوەش کرد کە جگە لە هێزی ئێزدییەکان لەسەر داواکاریی عەرەبەکانی ناوچەکە بەتایبەتی لە رۆژئاوای مووسڵ، وەزارەتی پێشمەرگە لیوایەکی تایبەتی بۆ دانیشتوانی ناوچەکە دامەزراندووە بەناوی لیوای (رۆژئاوای دیجلە) کە گشت پێدوایستییەکانیان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ دابین دەکرێت و لە (٢٠٠٠) کەس پێکدێت کە خەڵکی ناوچەکانی زوممار، رەبیعە، عەیازییە، و بەشێکیان خەڵکی شنگالن، خولی یەکەمی مەشقی (لیوای رۆژئاوای دیجلە) بە بەشداری هەزاران پێشمەرگە کۆتایی هات و ئەرکیان پاراستنی ناوچەکانیانە دوای کۆتایی هاتنی داعش و رێگا گرتن لە هەر هێرشێکی دیکەی هاوشێوەی داعش بۆ سەر ناوچەکانیان. گشت ئەم هێزانە لە دوای پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵ ڕۆڵێکی گرنگیان لە ئازادکردنەوەی ناوچەکانیاندا هەبووە، بەتایبەتی لە شەڕەکانی ڕۆژئاوای شاری مووسڵ و باشیک و سنووری.
لە بارەی بوونی هێز و میلیشیاکان لە ناوچە ئازادکراوەکان و پەیوەندی کردنی ژمارەیەکی کەمی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بە میلیشیاکانەوە (زێباری) گوتی، "لە دوای هاتنی تیرۆریستانی داعش هەرێمی کوردستان بە گشتی رووبەڕووی چەندین تەحەددی ئەمنی و سەربازی و سیاسی بۆوە بۆیە بوونی هەر هێزێکی سەربازی نافەرمی لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە مەترسی دادەنرێت و قەدەغە کراوە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ باس لەوە دەکات کە کۆت وبەندە زۆر خرابووە سەر هێنانی کەلوپەل و پێداویستی بۆ ناوچەی شنگال، بەڵام بارودۆخی هاووڵاتیان لە دوای مانگی ئایار باشتر بووە، سەرەڕای ئەمەش زۆر لە کەلوپەلە پێویستەکان ناگەنە شنگال لەو کاتەی کە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان دەگەڕێنەوە، لەم رووەوە (دیندار زێباری) گوتی، "زۆر جار لایەنە نێودەوڵەتییەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوانبار دەکەن بەوە کە رێگری لە هێنان و بردنی کەلوپەل بۆ ناوچە ئازادکراوەکان دەکات، بەڵام لە راستیدا بە هۆی بەردەوامی شەڕی داعش و مەترسی ئەمنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەندێک ڕێوشوێنی ئەمنیان گرتووەتەبەر بەتایبەت لە هەندێ ناوچەى دیاریکراو کە زووترین مەترسی دزەکردنی تیرۆریستانی لەسەرە، ئەم ڕێوشوێنانەش زیاتر بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییانە و ڕێگەگرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان بۆ ناو کوردستان و ئەو میکانیزمەش یەکسانە و بەبێ جیاوازی بۆ هاووڵاتیانی ناوچەکە. بۆیە دامودەزگا حکوومییەکانی ناوچەکە مامەڵەیەکی بەبێ جیاوازی لەگەڵ هاووڵاتیانی ناوچەی شنگال کردووە سەرەڕای کۆنتڕۆڵ کردنی تەواوی ناوچەکە لەرووی سەربازییەوە.
سەبارەت بەو ماددە و کەلوپەلانەی کە رێگایان پێنادرێت (زێباری) گوتی، "ئەو ماددانەی کە رێگایان پێنادرێت ببردرێنە ناوچەکە ئەوانەن کە دەتوانرێت بۆ مەبەستی درووستکردنی تەقەمەنی بەکاربهێنرێت وەک یۆریا و کیمیا، بەڵام ماددەی بیناکاری وەکو چیمەنتۆ و شیش و مەڕ و ماڵات رێگایان پێدەدرێت ببردرێن بۆ ناوچەکە بەپێی پێویستی خەڵکی ناوچەکە، هەموو خەڵکی ناوچەکە و رێکخراوە خێرخوازی و مرۆییەکان و دامودەزگاکانی حکوومەت بۆیان هەیە بە ئازادی هاتوچۆ بکەن بێ ئەوەی ئاستەنگیان بۆ درووست بکرێت، بەڵام بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی نێوماڵیان پێویستیان بە رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە بەتایبەتی بەشی کاروباری ناوخۆ لە پارێزگای دهۆک، لایەنە ئەمنییەکان رێگا لە بردنە دەرەوەی کەلوپەلی ماڵ دەکەن، بۆ رێگاگرتن لە دزی و تاڵان کردنی ماڵی هاووڵاتیان، چونکە ئەم حاڵەتانه زۆر جار روویانداوە لە ناوچەکە.
لە کۆتاییدا (دیندار زێباری) سەرۆکی کۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان گوتی، "بەشێوەیەکی گشتی هاوکاری بۆ هاووڵاتییانى ناوچەکە کراوە لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ناوچەکەوە، بەڵام لایەنە ئەمنییەکان گرفتیان هەیە لە کۆنتڕۆڵکردنی هاووڵاتیانی ناوچەکە بە گشتی، چونکە بەشێكیان بەپێی رێنماییەکانی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ مامەڵە ناکەن و سەرپێچی یاسا و رێنماییەکان دەکەن. بۆ رێگا گرتن لەم سەرپێچیانە لەم دواییەدا لێژنەیەکی تایبەت لە سەر ئاستی قایمەقامیەتی شنگال و پارێزگای دهۆک پێکهێنراوە بۆ مەبەستی پێداچوونەوەى رێوشوێنەکان بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی نێوماڵ و ئەو ماددانەی کە بۆ مەبەستی بیناسازی بە کاردێن بۆ ئەوەى کارئاسانی زیاتر پێشکەش بە هاووڵاتیانى ناوچەکە بکرێت.




