"ڕیفراندۆم ژمارەی ئێزدییان دەکاتە ١٥%ی دانیشتووانی هەرێم"

شنگال-KDP.info- ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوی ئیدارەی هەرێم چاوەڕوانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمن، کە ڕیژەیەکی زۆری ئێزدییان دەکەونە ئەو ناوچانەوە. بەرپرسی بنکەی لالش لە سنوونێ دەڵێت، ڕیفراندۆم ڕێژەی ئیزدییان دەکاتە ١٥%ی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
دوای ئەوەی پارتە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریان دا لە ٢٥ی ئەیلوولی ئەمساڵدا ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت، کە ڕیفراندۆمەکە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. لە سەر ئەو پرسەی کە زۆربەی ناوچەکانی کوردانی ئێزدی دەکەونە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمەوە، (د. سلێمان فانۆ)، بەرپرسی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش لە سنوونێی قەزای شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەگرێتەوە و کوردانی ئێزدییش تێیدا پشکداری دەکەن و، ئەمە دەبێتە خاڵێکی گەش و گواستنەوەی ئێزدییان لە تاریکییەوە بەرەو ڕووناکی، چونکە ئیمەش وەک کوردانی ئێزدی بڕیار لە چارەنووسی خۆمان دەدەین و بە ئارامی و ئاسایش دەگەین.''
(فانۆ) گوتی: ''ڕیفراندۆم دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی ئێزدییان لە سەربەخۆییدا لەگەڵ کوردستان بن و لەژێر چەتری ئارامیدا بن و ڕێژەی ئێزدییان لە کوردستانیش دەکاتە ١٥% و سەنگی ئێزدییان لە کوردستاندا بەهێز دەکات.''
بەرپرسی بنکەی لالش لە سنوونێ ئەوەیشی ڕوون کردەووە: ''کوردانی ئێزدی لەژێر دەسەڵاتێک دەردەکەون، بەناوی دەستەڵاتی بەغدا، کە تا ئێستا هیچ شتیکی بۆ ئێزدییان نەکردووە.''
دەربارەی ئاماری ئێزدییان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، (داوود موراد خەتاری)، لێکۆڵەر و مێژوونوس و شارەزای کاروباری ئێزدییان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''زۆربەی هەرەزۆری ئێزدییانی عێراق دەکەونە باکووری عێراقەوە و زیاتر لە ٩٠%یان دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و لە پارێزگەکانی دهۆک و مووسڵ و ژمارەیەکی کەمیشیان لە زاخۆ بڵاو بوونەوە و لە عێراقدا خاوەنی دوو قەزان؛ (شێخان و شنگال)؛ ژمارەی ئێزدییان لە جیهاندا لە ملیۆنیك و ١٥٠ هەزار کەس تێپەر دەبێت و لە عێراقیشدا کوردانی ئێزدی نیزیکەی ٧٠٠ هەزار کەسن.''
کاروان باعەدری




