سادق جەباری: سەردانی شاندی باڵای ڕیفراندۆم بۆ بڕۆکسل لەسەر باگهێشتی فەرمییە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی باڵای کۆمیتەی ڕیفراندۆم دەڵێ، لە کۆبوونەوەی (بارزانی) و ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆمدا زۆر پرسی گرینگ باس کراون و لە داهاتوویشدا هەنگاوەکان چڕتر دەبنەوە بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی ڕیفراندۆم بێ گرفت بن.
(سادق جەباری) ئەندامی کۆمیتەی ڕیفراندۆم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتیی کوردستان گوتی، "کاتی خۆی بە ئامادەبوونی سەرجەم حزبەکان لە کۆبوونەوەی یەکەمی حزبەکان لەسەر پرسی ریفراندۆم کات و شوێنەکانی ڕیفراندۆم دیاری کراوە، سەرجەم حزبەکان جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ رەزای بوون لەسەر ئەو پرسە، کۆبوونەوەی دوێنێیش کە بە دووەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم دادەنرێت، بە دەستپێکی کارەکان دادەنرێت و کارەکانی کۆمیتە لە دوای کۆبوونەوە دەستی پێکردووە، لەوێ جەخت لەوەکرایەوە دەبێت ڕیفراندۆم لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، هەڵبەت هەیکەلیەتێک دروست کرا بۆ لێژنە لاوەکییەکان، جەختکردنەوە لە کۆبوونەوەی ٧\٦ کە دەبێت لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، دواتر کاک (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکی حکوومەت، راسپێردرا بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی و لایەنە پەیوەندی دارەکان ئامادەکاری بکەن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کات و شوێنی خۆی".
(جەباری) گوتیشی، "ئێستا کۆمیتەی ڕیفراندۆم چووەتە ناو کاری پراکتیکەوە، دوێنێ لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە شاند بنێردرێت بۆ بەغدا و بۆ ئەورووپا و بۆ وڵاتە عەرەبییەکان و، ئەمرۆیش (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ شاندێکی باڵا دەچنە بڕۆکسل بۆ ڕوونکردنەوە لەسەر ڕیفراندۆم و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کە مافێکی رەوای گەلی کوردە و لەوێش داوای پشتیوانی دەکەین".
ئەو ئەندامی کۆمیتەی ڕیفراندۆم دهشڵێ، "بانگهێشتنامەیەک هەبوو لە یەکێتیی ئەورووپاوە بۆ (جەنابی سەرۆک) و شاندی باڵای ڕیفراندۆم، چونکە (بارزانی) خۆی سەرپەرشتیی لێژنە باڵاکە دەکات، وەک سەرۆکی هەرێم کارەکان دەکات لەو بارەوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لەو سەردانهیدا زۆر شت باس بکات، لەوانە دەبێت رێز لە ئیرادەی گەلی کوردستان بگیرێت، ئەوانیش خۆیان تێگەیشتنیان بۆ ئەو پرسە هەیە و چاوەڕوان دەکەین ئەنجامی باشی هەبێت."
کارزان سەباح هەورامی




