سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە مەراسیمی ڕۆژی سەربەخۆییی ئەمەریکادا كرد

هەولێر-KDP.info- ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی7ـی2017 لە شاری هەولێر بەڕێز (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە مەراسیمی یادی 241 ساڵەى ڕاگەیاندنى سەربەخۆیى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا كرد.
ئەو مەراسیمە كە لە لایەن كونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر سازدرا بوو، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی سیاسی و كەسایەتی و نوێنەری ڕێكخراوەكانی هەرێمی كوردستان و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هۆتێل ڕۆتانای شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لەو مەراسیمەدا (هێنری هاگارد) كونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر بە وەکالەت لە وتەیەكدا سوپاسی ئامادەبوونی (سەرۆك بارزانی) كرد لە مەراسیمەكە و خۆشحاڵیی خۆیانی پێشان دا کە ئەو مەراسیمە لە هەولێر بەڕێوە دەچێت. دواتر (دۆگڵاس سڵیمان) باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە وتەیەکدا وێڕای بەخێرهێنانی (سەرۆک بارزانی) و میوانەکان باسی لە پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان ئەمەریکا و كوردستان كرد و جەختی لەسەر پاراستن و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کردەوە. هەر لە وتارەکەیدا باڵیۆزی ئەمەریکالەعێراق وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشە و پەلاماری تیرۆریستانی داعش، پێزانینی هەبوو بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە تێكشكاندنی تیرۆریستان و هەروەها پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەران.
هەر لەو مەراسیمەدا وتاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوێندرایەوە. لە بەشێکی وتارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتبوو: "مافى بڕیاردانى چارەى خۆنووسین مافێکى سروشتى هەموو گەلانە، ئەمەریکا پێش ساڵى 1776وڵاتێکى سەربەخۆ نەبوو بەڵکو رۆژى 4ى تەممووزى ساڵى 1776 کە گەلى ئەمەریکا بڕیاریان دا کە خەڵکى تر نابێت هیچى تر حکومڕانیان بکات و سەربەخۆیى خۆیان و سەربەخۆیى و ئازادیان ڕاگەیاند".
هەر لە وتارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە کرابوو کە گەلی کوردستان دوای ئەو هەموو نەهامەتی و ئازارەی چەشتوویەتی بڕیاری خۆی داوە و دەیەوێ ئازاد بێت، هەروەکچۆن ئەمەریکییەکان 241 ساڵ پیش ئێستا بڕیاریان لەبارەی چارەنووسی خۆیان دا. لە کۆتایی وتارەکەیدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ئێمە دەڕوانینە ئەو ڕۆژەی کە گەلی کوردستان یادی ڕۆژی سەربەخۆیی خۆیان بکەنەوە.




