٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەرمیانییەكان: کارتی ڕیفراندۆم بە ڕووی بەغدادا بەرز دەکەینەوە؛ گەر دەوڵەت بین کێ بۆی هەیە بێتە سنوورەکانمانەوە

سەرچاوە: KDP.info

گەرمیان-KDP.info- هاووڵاتییانی ناوچەی گەرمیان دەڵێن، جارێ با واز لە حزبایەتی و بەرژەوەندیی كەسی بێنین و دەبێ هەموومان بە یەكدەنگ بڵێین ''بەڵێ'' بۆ ڕیفراندۆم، چونكە كاتی ئەوە هاتووە سنووری دەوڵەتەكەمان دیاری بكەین و كارتی سوور بە ڕووی بەغدادا بەرز بكەینەوە.

لە ڕێكەوتی 7ی حوزەیرانی 2017دا نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پارلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی (مەسعوود بارزانی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆ بوونەوە و بڕیار درا، لە 25ی ئەیلوولی ئەمساڵدا ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت.

(ئاریان گەرمیانی)، خاوەنی سێ شەهیدی ئەنفال لە ناوچەی گەرمیان بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''بە درێژایی میژوو هەر لە سەرەتای دروستبوونی عێراقەوە تا ڕژێمی بەعس و هاتنی تیرۆریستانی داعشیش هەر هەوڵ دراوە گەلی كورد كوشتوبڕ بكرێت، تەنیا لەبەر ئەوەی كە كوردین و داوای مافی خۆمان كردووە. چەندین كارەساتی نامرۆڤانە و دڕندانە بەرانبەر بە گەلی كورد كرا، هەر لە ئەنفال و كۆمەڵكوژی و كیمیاباران و زیندەبەچاڵەوە، تا گەیشتە ویرانكردنی ناوچە و دێهاتەكان و سەربڕینی كورد بە دەستی تیرۆریستانەوە. سەرجەم هەوڵەكانی گەلی كوردیش بۆ ڕزگاربوون لەو زوڵم و ستەمە بووە و بۆ ئەو مەبەستەش ڕێی سەربەخۆیی هەڵبژاردووە.''

(ئاریان گەرمیانی) جەختیشی كردەوە: "بە سەربەخۆبوونی كوردستان كارەساتە نامرۆڤایەتییەكان و تاوانەكانی دژ بە كورد دووبارە نابنەوە و خوێنی شەهیدان و تێكۆشەرانی ئەم وڵاتەش بەزایە ناچێت. ئەگەر سەربەخۆ بین و دەوڵەت بین هیچ كەسێك بۆی نییە سنوورەكەمان ببەزێنێت و دەست بۆ گیان و سەر و ماڵی هاووڵاتییانی ئەو دەوڵەتە كوردستانییە ببات، لەژێر هیچ پاساوێكدا. كەوایە بۆ ئەوەی جارێكی تر كوشتوبڕ نەكرێین و دواڕۆژی نەوەكانمان ڕۆشن بێت، هەموومان بە یەكەوە دەڵێین، ''بەڵێ'' بۆ ڕێفراندۆم.''

لە لایەكی تریشەوە، (جێگر محەمەد كەلاری)، چالاكوانی سیاسی، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''تازە مەترسییەكانی داعش لە ناوچەكە كۆتایی هاتووە و ئێستا باشترین و گونجاوترین دۆخە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان. چونكە شیرازەی ناوچەكە شێواوە و لە ڕووی سیاسییەوە دەبێ دووبارە دابڕێژرێتەوە. ئەمەش هەلێكی زێڕینە. كوردان زۆریان دەردەسەری بەدەست دەسەڵاتەكانی ترەوە دیوە، كاتی ئەوە هاتووە سنووری دەوڵەتەكەمان دیاری بكەین و كارتی سوور بە ڕووی بەغدادا بەرز بكەینەوە.''

(جێگر محەمەد كەلاری) ئاشكرای كرد: ''ئەگەر بە نێو شەقامەكانی گەرمیاندا بسوڕێیتەوە، هەست بەوە دەكەی خەڵك زۆر بە پەرۆشەوە چاوەڕێی 25ی ئەیلوولن و مەبەستیانە بە ''بەڵێ''كانیان كوردستان سەربەخۆ بكەن.''

(کەلاری) جەختیشی كردەوە: ''هەرچی كورد بێت و نیشتمانپەروەر بێت، دەبێ پشتگیری لە ڕیفراندۆم بكات، چونکە هیچ بیانوویەك هەڵناگرێت، کە دژی سەربەخۆییی میللەتی خۆت بیت.''

(ئازاد یاسین كوێخا)، توێژەری كۆمەڵایەتی و دانیشتووی قەرەتەپە، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''دۆخی بەشێك لە ناوچەكان لە ئاستی پێویستدا نییە بەتایبەت لە ناوچە كێشەلەسەرەكان و لەو دەمەیڕا كە ئەو گرووپە شیعانە هاتوونەتە ناوچەكە وە،ئیدی ئاسایشمان كێشەی تێ كەوتووە، ڕۆژانە ڕووداوی نەخوازراوی هەمەجۆر بەرچاو دەكەوێت، خۆ ئەگەر سەربەخۆ بین، ئەمانەمان لەكۆڵ دەبێتەوە. جیا لەوەش، گەلی كورد هەر لە سەرەتاوە بۆ بوون بە كیان و دەوڵەتێكی سەربەخۆ خەباتی كردووە، گەلێكیشمان شەهید داوە لەو پێناوەدا، زۆریشمان كارەسات بەسەر هاتووە. ئێستا هەلمان بۆ ڕەخساوە و بڕیاری ڕیفراندۆم دراوە، ئەركی هەموو ئەو كەسانەیە كە لە سنووری هەرێمی كوردستاندا دەژێن بە ''بەڵێ'' دەنگ بە ڕیفراندۆم بدەن، جا بە هەموو نەتەوە و ئایین و پێكهاتە جیاوازەكانەوە.''

(ئازاد یاسین كوێخا) ڕوونیشی كردەوە: ''كورد تا نەبێ بە دەوڵەت ناتوانێ لە ڕووی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی و سەربازییەوە بە گوێرەی پێویست گەشە بكات. بۆیە دەبێ هەموومان بە یەكدەنگ و بە یەكڕەنگ بڵێین ''بەڵێ'' بۆ ڕیفراندۆم و هەموو كێشە و مڵملانێ سیاسییەكانمان وەلا بنێن و جاری با واز لە حزبایەتی و بەرژەوەندیی كەسی بێنین.''

سەرباز واحد
 

هەواڵی پەیوەندیدار