پارتی شوێنی خەسرۆ گۆران پڕ دهكاتهوه
__2017_01_05_h16m31s35__HK.jpg)
بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ لەبارەی دوو كاندیدی نوێی پەرلەمان بدات، كە یەكێك لەوانە كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
(د. عەرەفات كەرەم)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی چەند خاڵێكەوە دەكرێت، لەوانە ھەمواركردنەوەی چەند ماددەیەكی یاسای كۆمسیۆن و دەنگدان لەبارەی دوو كاندیدی نوێی پەرلەمان، كە یەكێك لەوانە كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە".
(كەرەم) گوتیشی، "دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بە ھۆی سەرقاڵییەوە بە كاری حیزبی، (خەسرۆ گۆران) سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان دەستی لە كار كێشایەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان (فەرزەندە زێباری)ـی لە شوێنی ئەو دیاری كرد و سبەی دەنگی لەسەر دەدرێت و دەبێتە پەرلەمانتار، بەمەیش (زێباری )شوێنی (گۆران) دەگرێتەوە".
بەپێی یاسا، ھەر پەرلەمانتارێك دەستی لە كار كێشایەوە، كامە كاندید كە زۆرترین دەنگی لە پارێزگایەكدا بە دەست ھێناوە لەنێو ئەوانەدا كە سەر نەكەوتوونە، شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكە دەگرێتەوە، لەسنوری پارێزگای دھۆكیش (فەرزەندە زێباری) لەنێو كاندیدە دەرنەچووەكاندا زۆرترین دەنگی بە دەست ھێنابوو.
بڵند ئیبراھیم




