هەردەوان نەقشبەندی: لەژێر ناوی میدیای سەربەخۆدا هەوڵی شێواندنی ڕیفراندۆم دەدرێت
_-_Copy__2017_07_05_h20m2s14__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- (هەردەوان نەقشبەندی)، مامۆستای بەشی میدیا لە زانكۆی سەڵاحەدین دەڵێ، شتێكی ئاساییە ئەگەر دوو ڕای جیاواز لەسەر ئەو ڕیفراندۆمە هەبێت، كە بڕیارە لە 25ی ئەیلوولدا ئەنجام بدرێت، بەڵام لەژێر ناوی میدیای سەربەخۆدا هەوڵی شێواندنی ڕیفراندۆم دەدرێت و هەوڵ دەدەن مۆركی حزبی پێوە بنێن، تا خەڵك لەو پرۆسەیە سارد بكەنەوە.
لە 7ی مانگی ڕابردوودا بڕیار درا، 25ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت. بەڵام كاردانەوەی چەند میدیایەك نەرێنییە و هەوڵی شێواندن و بەحزبیكردنی ئەم ڕیفراندۆمە دەدەن، بە مەبەستی دروستكردنی ڕایەك كە دژ بە ڕیفراندۆم بێت.
سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی كاری ئەو میدیایانەی دژی ریفراندۆم دەنووسن، (هەردەوان نەقشبەندی)، مامۆستای بەشی میدیا لە زانكۆی سەڵاحەدین بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''شتێكی ئاساییە ئەگەر دوو ڕای جیاواز لەسەر ئەو ڕیفراندۆمە هەبێت، كە بڕیارە 25ی ئەیلوول ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەوەی لە چەند میدیایەك دەبێندرێت، زیاتر دژایەتیكردن و ڕووبەرووبوونەوەی ئەو بابەتەیە لەژێر ناوی میدیای سەربەخۆدا، هەڵبەتە ئەمەش كاریگەرییەكی نەرێنی دروست دەكات. چونكە ئەو بابەتانەی لەو میدیایانە بینیومانن، ئەوە نەبوون لایەنە گرینگەكانی دەنگنەدان بە ڕیفراندۆم بخەنە ڕوو، زیاتر مەبەستیان شێواندنی ڕیفراندۆمە و هەوڵ دەدەن مۆركی حزبی پێوە بنێن، تا خەڵك لەو پرۆسەیە سارد بكەنەوە.''
"گرفتی سەرەكی لەوەدایە تا ئێستا هەرێمی كوردستان میدیایەكی نیشتمانیی نییە. لە غیابی ئەو میدیا نیشتمانییەدا دەرفەت بۆ چەند میدیایەك ڕەخساوە، تا بەناوی میدیای سەربەخۆ و سێبەرەوە كار بۆ ئەجێندایەكی سیاسیی دیاریكراو بكەن. هەر بە تەماشاكردنی ناوەرۆكەكانیان ڕوونە، كە ئەجێندای ئەو لایەنانەیان لەپشتەوەیە، كە دژ بە دەستكەوت و ئامانج و مافەكانی گەلی كورد كار دەكەن، (هەردەوان نەقشبەندی) وای گوت."
بە هۆی نەبوونی یاسای تایبەت بە گەیاندنی زانیارییەكان، كۆمەڵێك میدیا دەست بۆ كۆمەڵە پرسێك دەبەن، كە پێچەوانەی خواستی نەتەوایەتی و نیشتمانیی هەرێمی كوردستانە و وەک (هەردەوان نەقشبەندی) ئاماژەیشی دا نەبوونی یاسا نابێ ببێتە هۆی دەستبردن بۆ ئەم پرسانە و بەلاڕێدابردنیان، چونكە خۆیشیان باش دەزانن، ئەمانە دەستكەوت و ماف و خواستە نیشتمانییەكانن.
سەرباز واحد




