٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یوئێن ٧٠% پارەی کڕینی خۆراک بۆ ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوبەری سەنتەری ھاوبەشی قەیرانەکان گوتی، یوئێن بڕیاری داوە، بە ڕێژەی ٧٠% پارەی کڕینی خۆراک بۆ ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە.

بەڕێوبەری سەنتەری ھاوبەشی قەیرانەکان، (ھۆشەنگ محەمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پارەی کڕینی خۆراک بۆ ئاوارەکانی کەم کردووەتەوە، چونکە باس لەوە دەکەن کە بوودجەیان نییە، بۆیە بڕیارەکەیان داوە و جێبەجێشیان کردووە، ئەمەش کێشەیەکی گەورەی دروست کردووە.''

(ھۆشەنگ محەمەد) گوتی: ''بە ھۆی ئەو بڕیارەی یوئێنەوە ٧٠%ی ئاوارەکان لە خۆراک بێبەش دەبن، کە دەکاتە یەک ملیۆن و ٩ ھەزار ئاوارەی کە لە ھەرێمی کوردستانن و پێشتر لەو بەرنامەیە سوودمەند دەبوون، لەبەر ئەوەی تەنیا لە ھەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و٥٦٠ ھەزار ئاوارە هەیە، کە لەوانە ٢٣٣ ھەزاریان پەنابەرن و ئەوانەی دیکەش ئاوارەی ناوخۆن.''
بەڕێوبەری سەنتەری ھاوبەشی قەیرانەکان ڕوونی کردەوە: ''کێشەیەکی گەورەمان بۆ دروست بووە و ئێستا سەرقاڵی ئەوەین، کە ئەو کێشەیە چارە بکەین و بۆ بەشێکیان چارەمان کراوە و بەشێکی زۆریشیان ماونەتەوە. لەبەر ئەوەیشی کە ئەو خەڵکەی لە کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکاندان، بێکارن و ئەگەر ھاوکارییان نەکرێت، ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبنەوە.''

(ھۆشەنگ محەمەد) گوتیشی: ''وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای لە حکوومەتی عێراق کرد ئەو کێشەیە چارە بکەن و ئەوانیش داوایان لە وەزارەتی بازرگانی کرد ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچیان نەکردووە و ئەستەمیشە بە ماوەیەکی کەم بتوانن ئەو کارە بکەن، چونکە ئەو وەزارەتە ساڵانە دوو سێ جار بە ناتەواوی بەشە خۆراکی مانگانەی ھاووڵاتییان دەدات.''

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار