تۆپبارانه‌كه‌ی ئێران زیانی زۆری له ناوچه‌كه داوه.. په‌كه‌كه گرفتە

سۆران-KDP.info- قایمقامی شارۆچكه‌ی چۆمان رایگه‌یاند، تۆپخانەکانی ئێران زیانێكی زۆری به ناوچه‌كه گه‌یاندووه و هێشتا له ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی تۆپباران هه‌ندێك له خه‌ڵكی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوێنه‌كانی خۆیان، په‌كه‌كەش بووه‌ته گرفت بۆ خه‌ڵكه‌كه و رۆژانه به هۆی ئه‌وانه‌وه هاووڵاتیان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن
دوێنێ سێشەممە، ئێران هه‌ندێك ناوچه‌ی له سنووری چۆمان، به‌تایبه‌تی له ناوچه كوێستانه‌كان تۆپباران كرد، (ئه‌حمه‌د قادر) قایمقامی شارۆچكه‌ی چۆمان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێستا تۆپبارانه‌كه نه‌ماوه و تا ڕاده‌یه‌ك بارودۆخه‌كه ئاسایی بووه‌ته‌وه، ئه‌وانه‌ی له‌و ناوچه‌یه‌ش بوون كۆچه‌ر و ڕه‌وه‌ند و جووتیار بوون، هه‌ندێك له‌وان گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوێنه‌كانی خۆیان، به‌ڵام هێشتا مه‌ترسیی تۆپبارانه‌كه هه‌ر ماوه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش خه‌ڵكه‌كه ناگه‌ڕێته‌وه."
لەبارەی زیانەکانەوە قایمقامی چۆمان دەڵێ: "ئافره‌تێك بریندار بوو، هه‌روه‌ها زیانێكی زۆر به‌ر ڕه‌وه‌ند و كۆچه‌ره‌كان كه‌وتبوو، هه‌روه‌ها زیانی بۆ ژینگه‌ی ناوچه‌كه هه‌بوو، كه پووش و په‌وانێكی زۆر سووتاوه، له هه‌مان كاتدا زیانی به كه‌رتی گه‌شتیاریی ناوچه‌كه‌ش گه‌یاندووه، كه ئه‌و ناوچه‌یه شوێنێكی گه‌شتیارییه و گه‌شتیارێكی زۆر ڕوو له ناوچه‌كه ده‌كه‌ن."
قایمقامی شارۆچكه‌ی چۆمان، ئه‌وه‌شی گوت: "په‌كه‌كه له‌و ناوچانه بووه‌ته گرفت بۆ خه‌ڵكه‌كه و بیانوو ده‌ده‌نه ده‌ست وڵاتان بۆ تۆپبارانكردن، لێره‌شدا خه‌ڵكی ئێمه زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن".
ڕابین شێروانی




