٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی: تا پەکەکە خاکی ھەرێم بەکار بێنێت ئاڵۆزی لە سنوورەکان کۆتایی نایەت

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  فەرماندەیەکی ھێزی پاسەوانی سنوور ئاماژەی بەوە کرد، تا پەکەکە لە نێو خاکی ھەرێمی کوردستاندا مابێت، ئەوە بەھانە دەدات بە وڵاتان دەستوەربدەنە کاروباری نێوخۆی ھەرێمی کوردستان و دەشڵێت، زەرەرمەندی یەکەم لەو نێوەندەدا ھاووڵاتییانی سڤیلی ھەرێمی کوردستانن.

عەقید (دلێر زێباری)، فەرماندەی ھێزی پاسەوانی سنوور بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئاڵۆزییەکانی سنوور بەردەوامن و بوردومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام ئامانجی وڵاتانی تورکیا و ئێرانە، ئەوەش بە بەھانەی ھەبوونی بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، لە ھەرێمی کوردستانە و، تا پەکەکە خاکی ھەرێمی کوردستان بۆ مەرامی خۆی بەکار بێنێت، بەھانە دەدات بە وڵاتانی دەوروبەر سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان ببەزێنن و بوردومانی بکەن، زەرەرمەندی یەکەمیش ھاووڵاتییانی سڤیلی ھەرێم و خاک و ژینگەکەین.''

عەقید  (دلێر زێباری) ئاماژەی بەوەش کرد: ''بەداخەوە چەندین ساڵە پەکەکە خاکی ھەرێمی کوردستان بەکار دێنێت و بووەتە ھەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتییان و گوندنشینان، سرووشتی ناوچە شاخاوی و سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان وا ھەڵکەوتووە کە شوێنێکی سەختن بۆ ئەوەی بە ئاسانی حکوومەت نەتوانێت ڕێوبان بۆ ئەو ناوچانە ببات و بنکەی سەربازییان تێدا جێگیر بکات، ئەگەر پەکەکە نەبێت، ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەیەکی ئەمنی لەگەل وڵاتانی ناوچەکە نییە.''

دوێنێ دووشەممە، جارێكی دیكه‌ تۆپخانه‌كانی ئێران گوند و ئاواییه‌كانی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تییان كرده‌ ئامانج و به‌ تۆپ ناوچه‌كه‌یان تۆپباران كرد و، به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی قایمقامی شارۆچكه‌ی چۆمان به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دا، به‌ هۆی تۆپبارانه‌كه‌وه‌ زیانێكی زۆری ماددی به‌ر جووتیاران و ڕه‌وه‌ند و كۆچه‌ره‌كان كه‌وتووه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ڕه‌وه‌ند و كۆچه‌ره‌كان ڕوویان له ‌ناوچه‌كه‌ كردبوو، ئافره‌تێكیان بە هۆی بۆردومانەوە بریندار بووه‌ و زیانی زۆریشیان به‌ركه‌وتووه‌، هه‌روه‌ها پووش و پاوانێكی زۆریش سووتاوه‌.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار