حکوومەتی ھەرێم: تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە ئیدانە دەکات

ھەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان لەلایەن ئێرانەوە ئیدانە دەکات و بانگھێشتی کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دەکات.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، پەیوەست بە بۆردوومانەکانی ئەم دواییانەی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تۆپبارانەکان مەحکوم دەکات و دەڵێت: "ئەوە لەکاتێکدایە ئێمە پابەندین بە بنەماکانی دراوسێیەتی باش و دەستنەخستنە ناو کاروباری یەک دیهوە و لایەنێک نین لە کێشەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن و گرفتەکانی نێوانیان."
لە راگەیێندراوەکەدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگدەگەیەنێت: "نامانەوێت لەژێر ئەو پەردەیە دانیشتووانی مەدەنیی ھەرێمی کوردستان لە ناوچە سنورییەکان، وەک کۆچەری و گوندنشینەکان، ببنە قوربانیی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەکاتێکدا ئەم کارە سەرکۆنە دەکات، داواش لە کۆماری ئیسلامیی ئیران دەکات، دەست لە ھێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی و خاکی ھەرێمی کوردستان ھەڵبگرێت."
ھەروەھا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بانگھێشتی کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەکات و دەڵێت: "ئامانج لەو بانگھێشتە بۆ گەیاندنی پەیام و ھەڵوێستی ناڕەزایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، تاوەکو بەرزی بکەنەوە بۆ پایتەختی خۆیان."
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
٣-٧-٢٠١٧




