سه‌رۆك بارزانى بۆ دەرچووانی زانکۆ: بەر بە هەر هه‌وڵێك بگرن كه ده‌یانه‌وێ گه‌لی كوردستان بڕیار نه‌دات

هەولێر-KDP.info- (مه‌سعوود بارزانى) سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به بۆنه‌ى ده‌رچووانى خولى ریفراندۆم لە زانكۆى سه‌لاحه‌دین، په‌یامێكى پیرۆزبایى ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى زانكۆ و مامۆستایان و قوتابیانى زانكۆ كرد كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تى:
به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان
مامۆستایانی به‌ڕێز
قوتابیانی خۆشه‌ویست
میوان و ئاماده‌بووانی به‌ڕێز
مایه‌ی خۆشحاڵییمه كه ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كی زۆر له قوتابی و كچ و كوڕانی كوردستان ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خۆیان له خولی سی و شه‌شه‌مینی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین ده‌گێڕن، به‌وبۆنه‌یه‌وه پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له قوتابیه خۆشه‌ویسته‌كان و خانه‌واده‌كانیان ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم، ئومێد ده‌كه‌م به پسپۆڕی و شاره‌زایی زانستی خۆیان خزمه‌تی وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن و له كار و ژیانیشیاندا به‌خته‌وه‌ر و ئاسووده بن.
به پێویستیشی ده‌زانم سوپاسی بێ پایانی خۆم ئاراسته‌ی مامۆستا به‌ڕێزه‌كان و سه‌رۆكی زانكۆ و عه‌مید و سه‌رۆك به‌شه‌كانی كۆلیژ و په‌یمانگه كانی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین بكه‌م و ده‌ستخۆشیان لێ ده‌كه‌م كه سه‌ركه‌وتووانه ژماره‌یه‌كی زۆری ڕۆڵه‌ی كوردستانیان پێگه‌یاندووه بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگه و پێشكه‌وتنی وڵات.
قوتابیانی خۆشه‌ویست
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز
ئێستا گه‌له‌كه‌مان به هه‌ستیارترین چركه‌ساته‌كانی مێژووی خۆیدا تێده‌په‌ڕێ و له قۆناغێكی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌دا ده‌ژیێت، كوردستان له‌سایه‌ی خۆڕاگریی خه‌ڵك و قاره‌مانێتیی پێشمه‌رگه پشت به خودای گه‌وره به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو ده‌نێت، سه‌ربه‌خۆیی گونجاوترین وه‌ڵامه بۆ خوێنی شه‌هیدانمان و موڵكی ئێوه‌یه و موڵكی خه‌ڵك و هه‌موو لایه‌كمانه، ئه‌ركی ئێوه‌ی خۆشه‌ویسته كه به قه‌ڵه‌م و زانستتان پشتگیری پڕۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی بن و ڕووبه‌ڕووی هه‌ر ده‌نگ و هه‌وڵێك ببنه‌وه كه ده‌یانه‌وێ گه‌لی كوردستان بڕیار نه‌دات و به مافه‌كانی نه‌گات.
بۆ ئه‌وه‌ی پسپۆڕی و زانستی مامۆستا و قوتابی و زانكۆكانمان به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه بكه‌وێته خزمه‌تی وڵات و پێشكه‌وتنی لێ بكه‌وێته‌وه، ده‌بێ كوردستان سه‌روه‌ریی هه‌بێت و خاوه‌ن بڕیاری خۆی بێت و دواجار بتوانێ به باشی سوود له سامانه مرۆیی و سرووشتییه‌كانی وه‌ربگرێت.
گه‌لی كوردستان دوای ئه‌و هه‌موو قوربانیدانه شاییسته‌ی ئه‌وه‌یه وه‌كو میلله‌تانی ئازاد خاوه‌نی سه‌روه‌ریی خۆی بێت و ببێته به‌شێكی گرنگ و كاریگه‌ر له كاروانی مرۆڤایه‌تی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی.
له قۆناغی داهاتوودا ئه‌ركی ئێوه‌ی به‌ڕێز و خۆشه‌ویست قورس و بایه‌خداره، ئایینده‌ی كوردستان له ده‌ستی ئێوه‌دایه و داواتان لێ ده‌كه‌م به بڕوابه‌خۆبوونه‌وه كار بۆ پێشكه‌وتنی وڵات و به‌هێزتربوونی بكه‌ن، له هه‌مانكاتیشدا فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ژیان و دیموكراسی و ئاشتی له كوردستاندا به‌ره‌و پێشه‌وه ببه‌ن، ئێوه ئومێدی هه‌موو لایه‌كمانن و چاومان له هیمه‌ت و ده‌ستی ئێوه‌یه.
دووباره پیرۆزبایی له قوتابیانی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم له قۆناغه‌كانی دیكه‌ی ژیانیان.
مه‌سعوود بارزانی
2ى 7 ى 2017




