ڕانیەییەکان: ڕاپەڕینمان کرد تا سەربەخۆ بین

رانیـە-KDP.info- ھاووڵاتیانی شارۆچکەی رانیـە دەڵێن، ئەم ریفراندۆمە، پرۆسەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییە، دەبێت ھەموو خەڵکی کوردستان خۆی بە خاوەنی بزانێت، چونکە بەرھەمی خەباتی چەندین ساڵەی ڕاپەرین و خوێنی شەھیدان و قارەمانەتیی ھێزی پێشمەرگە و ھیوا و ئاواتی خانەوادەی شەھیدان و گشت لایەکە.
(شاھۆ ئەحمەد) کە رانیـەیە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتـی دیمـوکراتی کوردستـانی راگەیاند: "لەمێژە سەربەخۆیی خەونی ھەموو تاکێکی کورد بووە، بڕوا ناکەم ھەرکەسێک لەم وڵاتە خەونی بە دیھاتنی ئەم دەوڵەتەی نەبێت، بۆیە من داوا لە ھەموو خەڵکی کوردستان دەکەم و بە تایبەتی ھاووڵاتیانی دەروازەی ڕاپـەریـن، کە چۆن بوێرانە ڕاپەرین، ئەوھایش بە دەم ئەم ئەرکە نەتەوەییەوە بچن و فەرامۆشی نەکەن. با ئێمە رەنجی چەند ساڵەی ڕاپەرینمان بەزایە نەڕوات، ئێمە دەتوانین دوای گەیشتنمان بە ریفراندۆم چارەسەری ھەموو قەیرانەکانی وڵات بکەین و پێکەوە کار بۆ باشترکردنی بژیویمان بکەین."
چالاکوانی سیاسی (ھاوڕێ حەسەن) لە رانـیـەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ھەموو لایەک ئەو ڕاستییەیان لا بەرجەستە بووە کە کوردستان بە قۆناغێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت و ناوچەکە لە سەروبەندی گۆڕانکارییەکی گەورەدایە، پێویستە بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ."
ئەو چالاکە سیاسییە دەڵێ: "ئەم ریفراندۆمە، پرۆسەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییە. دەبێت ھەموو خەڵکی کوردستان خۆی بە خاوەنی بزانێت، نابێت ھیچ بیانوویێک بۆ ئەنجامنەدانی ریفراندۆم بێنینەوە ، بۆیە دەڵێم بەڵی بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان."
ھاوکات، زۆربەی چین و تویژەکانی دەڤەری ڕاپەرین لەگەل ئەوەدان ٢٥-٩ ریفراندۆم بکرێت و ھیوا و ئاواتی خانەوەدای شەھیدان سەرجەم شەھیدەکانی تری کوردستان لەم ریفراندۆمە بێنە دی و، جەختیان کردەوە بۆیە ڕاپەرینیان کرد، تاوەکو ژێردەستەی ھیچ لایەک نەبن و سـەربـەخـۆ بن.
ھەڵکەوت محەممەد




