٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لایەنە سیاسییەکان و پارێزەرانی کوردستان، بۆ کەیسی ئاڵا هاتنە دەنگ

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێڕ-KDP.info-  بۆ شکستدان بە سکاڵاکەی کە لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک (ڕێبوار تاڵەبانی) تۆمار کراوە، لایەنە کوردستانییەکان  و سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، ئامادەییان نیشان داوە و تیمێکی پارێزەرانی خۆبەخشیشیان پێک هێناوە.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی لە کەرکووک (مەسعوود مەلاپەروێز) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاکەیاند: "ئێمە وەک پارتی بە ھەموو شێوەیەک پشتگیریی ھەر ھەڵوێستێکی نەتەوەیی دەکەین کە لە کەرکووک ھەیە، پێشتریش لەسەر ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان وەک پارتی پشگیریی تەواوی ئەو بڕیارەمان کرد، چونکە مافێکی ڕەوای کوردە کە وەک نەتەوەی زۆرینە، ئاڵای خۆی لەسەر دامودەزگاکانی ئەو شارە ھەڵبکات، بەم ھۆیە دوێنێ لەگەڵ برایانمان لە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ئەو شارە پشتگیریی خۆمان بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دووپات کردەوە."

لە نێوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە، پێنج لە نۆ ئەندامە تورکمانەکەی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، سکاڵایان لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا تۆمار کردووە، گوایە (ڕیبوار تاڵەبانی) کارێکی نایاسایی کردووە کە بڕیاری ئاڵای کوردستانی لەسەر دامەزراوە فەرمییەکانی پارێزگای کەرکووک تێپەڕاندووە.
پەیوەست بەم پرسە، سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکیاندا، ئامادەییی خۆیان نیشان داوە کە تیمێکی پارێزەرانی خۆبەخش بۆ (ڕێبوار تاڵەبانی)، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دیاری دەکەن.
لە ڕاگەیةیدراوەکەدا ئاماژە دراوە بەوەی کە، "بەوپەڕی دڵسۆزییی و لێھاتووییەوە پشتگیریی یاسایی لە بەڕێزییان بکەن لەو داوا یاساییەی لە دژیان کراوەتەوە و دەکرێتەوە. چونکە ناوبراو لەسەر بابەتێکی پیرۆز و پەیامێکی گەورە کە ھەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستانە و بە نوێنەرایەتیی زۆربەی پێکھاتەکانی کەرکووک و کوردستان ئەو بڕیارە مەزنەی داوە."

مانگی پێنجی ٢٠١٧، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری دا ئاڵای کوردستان لەسەر سەرجەم دامودەزگا حکوومییەکانی کەرکووک ھەڵبکرێت کە ناڕەزایی بەشێک لە تورکمان و عەرەبەکانی ئەو شارەی لێ کەوتەوە.

فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار