نوێنەرێکی کۆمیتەی ڕیفراندۆم: ڕیفراندۆم ئامانجێکە بۆ ئەوەی بگەین بە دەرەنجامێکی بەڵگەیی
_-_Copy__2017_07_01_h15m45s43__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی کۆمیتەی ڕیفراندۆم باس لە گرینگیی پرۆسەکە دەکات و دەڵێت: "ئەمە تاکە بەڵگەیە لە دەستماندا بۆ ئەوەی داوای خەڵک بگەیەنین".
(سادق جەباری)، نوێنەری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە کۆمیتەی ڕیفراندۆمدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕیفراندۆم ئامانجێکە بۆ ئەوەی بگەین بە دەرەنجامێکی بەڵگەیی لەسەر داخوازیی خەڵکی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و ئێمە لە ڕێی ئەم ڕیفراندۆمەوە دەتوانین بەڵگەی یاساییمان ھەبێت بەرامبەر بە بەغدا بۆ داواکاریی جیابوونەوە یان سەربەخۆییی کوردستان.''
(سادق جەباری) گوتی: ''تا ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نوێنەری خۆی دیاری نەکردووە، لەکاتێکدا لە کۆبوونەوەی حزبە سیاسییەکان لە ئاستی باڵادا بەشدارییان کرد، دوای ئەوانیش دەبێ گفتوگۆ لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بکرێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش بێنە ناو پرۆسەکەوە، هەقیشە حزبەکان لەم ماوەیەدا خۆیان یەکلا بکەنەوە، چونکە ئەمە پرسێکی گرینگە و ماوەیەکی کەمیش لەبەر دەست ماوە.''
(سادق جەباری) گوتیشی: ''ھەرکەسێک بە پیلان کار بۆ دژایەتیکردنی ڕیفراندۆم بکات، ئەوە ”یاری بە کارتێکی سووتاو دەکات، چونکە گەلی کوردستان بڕیاری خۆی داوە و پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکات، بۆیە ھیچ حزبێک ناتوانێت لە دژی ڕیفراندۆم بوەستێتەوە، ھەرکەسێکیش بە پیلان ئەوە بکات، ئەوە خۆی تووشی زیان دەبێت“.
کارزان سەباح هەورامی




