روشدی: پارتی بە جیددی هاتووەتە پێشەوە، دەبێ لایەنەكانی دیكەیش ئەو هەستەیان هەبێت

هەولێر-KDP.info- ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ناكرێت گرفتی سیاسیی بچووك ببێتە لەمپەر لە بەردەم پرۆسەی ریفراندۆمدا، دۆخی كوردستان ئەوە دەخوازێت كە پارتی و یەكێتی هاوكار و هەماهەنگی یەكدی بن، چونكە هەر كاتێك ئەو دوو هێزە لە یەكدی نزیك ببنەوە، كێشەكان چارە دەبن.
(عارف روشدی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "دۆخی كوردستان ئەوە دەخوازێت كە لایەنەكان جیددی بن، پارتی بە جیددی هاتووەتە پێشەوە و لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا زۆر بە جیددی لەسەر ئەو پرسانە قسەیان كردووە، دەبێ لایەنەكانی دیكەیش هەمان ئەو هەستەیان هەبێت، چونكە گەلی كوردستان لە بڕیاری چارەنووسی خۆی نزیك بووەتەوە، بۆیە دەبێ بەو جیددییەتەی پارتی هەیەتی، لایەنەكانی دیكەیش بێنە پێشەوە، ناكرێت گرفتی سیاسیی بچووك ببێتە لەمپەر لە بەردەم پرۆسەی ڕیفراندۆمدا، چونكە ڕیفراندۆم هیچ مەرجێك قبووڵ ناكات".
(ڕوشدی) گوتیشی، "كات گەییشتووەتە ئەوەی كە نابێت ئیدی چاوەڕوانی بیانووی هیچ كەس و لایەنێك بین، نابێت پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان ڕابوەستێت، چونكە هەر شتێك پێویست بوو كرا و، پێویستە پاش هەڵوێستی نەرێنیی گۆڕان و كۆمەڵ، یەكێتی و پارتی و یەكگرتوو و لایەنەكانی دیكەی بەشدار لە پەرلەمان، بڕیاری خۆیان بدەن بە شێوەیەكی یاسایی كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ڕێگەیان پێ دراوە و دەتوانن پەرلەمان كارا بكەنەوە و پەرلەمانیش كاری خۆی بكات".
ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەیشی خستە ڕوو، "بارودۆخەكە وا دەخوازێت كە پارتی و یەكێتی هاوكار و هەماهەنگی یەكدی بن، چونكە هەر كاتێك ئەو دوو هێزە لە یەكدی نزیك ببنەوە، كێشەكان چارە دەبن، بۆیە پێویستە پارتی و یەكێتی بچنە ژێر باری بەرپرسیارەتیی مێژوویی و ئەو قۆناغە تێبپەڕێنن و گەل بەرەو قۆناغێكی باشتر ببەن".
رابین شێروانی




