عه‌لی قازی: به‌شداریكردن له ریفراندۆم ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌ییه و هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرێت

كه‌ركووك-KDP.info- (عه‌لی قازی) سه‌رۆكی دەستلەکارکێشاوەی پارتی ئازادیی كوردستان و كوڕی پێشه‌وا (قازی محه‌ممه‌د) ده‌ڵێ، به‌شداریكردن له ریفراندۆم ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌ییه و هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرێت و قابیل به مه‌رجی به‌شداریكردن نییه.
ئەو له چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، داوایش لە هه‌موو حزبه كوردستانییه‌كان دەکات به ئه‌ركی نیشتیمانی و نەتەوەیی خۆیان هه‌ڵسن و كوردستان به‌م ریفراندۆمه رزگار بكه‌ن. راشیده‌گه‌یه‌نێت "ئه‌مرۆ پێشه‌وا لیره‌بووایه ده‌یگوت (كوردیینه كوردینه یه‌كبگرن بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان)."
"ریفراندۆم مافێكی ره‌وای ئێمه‌ی كورده بۆئه‌وه‌ی له‌رێی ئه‌و ریفراندۆمه‌وه سه‌ربه‌خۆ بین"
*ئه‌و ریفراندۆمه‌ی بڕیاره له 25ـی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت، له‌لای ئێوه چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
(عه‌لی قازی): میلله‌تی كورد زیاتر له 250 ساڵه هه‌وڵ ده‌دات بۆئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ بێت، له‌رێی سه‌ربه‌خۆییشدا سه‌دانهه‌زار شه‌هیدمان داوه. ریفراندۆم مافێكی ره‌وای ئێمه‌ی كورده بۆئه‌وه‌ی له‌رێی ئه‌و ریفراندۆمه‌وه سه‌ربه‌خۆ بین. به‌ر له هه‌موو شت ده‌بێ ئێمه‌ی كورد ده‌ست له‌ناو ده‌ست و یه‌كگرتوو بین، چونكه ریفراندۆم پرسێكی نه‌ته‌وه‌ییه و كوردانی هه‌رسێ پارچه‌ی تریش پشتگیری لێ ده‌كه‌ن و دڵیان بۆی لێ ده‌دات. له 2ـی رێبه‌ندان كاتێك كۆماری كوردستان راگه‌یه‌ندرا شه‌هید (قازی محه‌ممه‌د)ـی باوكم به‌گه‌له‌كه‌ی راگه‌یاند كه (ئه‌مه رۆژی ئازادیی گه‌لی كوردستانه) و بوو به یه‌كه‌م جمهوریه‌تی كوردی له مێژوودا. خۆ پێشه‌وا (قازی محه‌ممه‌د) ده‌یتوانی بڕوات و ئێران نه‌توانی وه‌چنگی كه‌وێ و ده‌شیزانی بیگرن شه‌هیدی ده‌كه‌ن، به‌ڵام لاپه‌ڕه‌یه‌كی زێڕینی بۆ میژووی كورد نووسییه‌وه و له‌نێو خه‌ڵكه‌كه‌یدا مایه‌وه و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و جمهوریه‌ته كوردیه‌ی دایمه‌زراندبووم شه‌هید كرا و، تا ئه‌مرۆیش دەوڵه‌تی كوردی ئاواتی كوردی ره‌سه‌نه.
پێشه‌وا (قازی محه‌ممه‌د) كاتی خۆی سوێندی هه‌ر به‌و ئاڵایه خوارد كه تا دوادڵۆپی خوێنی بجه‌نگێ و ده‌ستبه‌رداری نه‌ته‌وه‌كه‌ی نه‌بێت و له‌رێی ئازادیی گه‌لی كورد خه‌بات بكات، ئه‌وه‌تا ئێستایش هه‌ر هه‌مان ئاڵا له هه‌رچوارپارچه‌ی كوردستاندا، گه‌لی كورد ئه‌م ئاڵایه به ئاڵایێكی پیرۆز ده‌زانێت و خۆی بۆ فیدا ده‌كات و له‌پێناویدا شه‌هید بووه.
*دژایه‌تیی بەشێک لە لایەنەکان بۆ ریفراندۆمه‌كه‌ی 25ـی ئه‌یلوول چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
(عه‌لی قازی): بابه‌تی ریفراندۆم و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستانی، بابه‌تێكی نیشتیمانییه و هیچ پاساوێك بۆ دژایه‌تیكردن و ده‌نگ پێنه‌دان هه‌ڵناگرێت. ئه‌م ده‌وڵه‌ته كوردییه ده‌بێته هه‌نگاوی یه‌كه‌م بۆئه‌وه‌ی كوردانی پارچه‌كانی تریش به په‌رۆشیی زیاتره‌وه به‌ده‌م سه‌ربه‌خۆبوونه‌وه بچن. به‌ده‌وڵه‌تبوون یه‌كێكه له مافه هه‌ره‌سه‌ره‌تایی و یاساییه‌كانی خۆمان! ئه‌گه‌ر كورد یه‌كگرتوو و یه‌كده‌نگ بێت، نه ئه‌مه‌ریكا و نه رووسیا و نه عه‌ره‌ب و نه تورك و نه فارس و نه هیچ وڵاتێكی تر، ناتوانێ پێشی لێ بگرێت. به‌ڵام به‌داخه‌وه تائێستا یه‌كده‌نگ نین. خۆ له میژوودا ئێمه‌ی كوردی 40 ملیۆن كه‌سی، ده‌بوو زۆر له‌میژه ده‌وڵه‌ت باین، به‌ڵام هه‌ر له‌به‌ر ناكۆكیی لایه‌نه كوردیه‌كان پێی نه‌گه‌ییوین. جێگای سه‌رسورمانه كه چه‌ند حزبێكی باشووری كوردستان دەڵێن به‌شداری له‌م ریفراندۆمه ناكه‌ن! به‌شداریكردن له ریفراندۆم ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌ییه و هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرێت و قابیل به مه‌رجی به‌شداریكردن نییه. چونكه ئه‌مه حه‌قی هه‌موو كوردێكی ره‌سه‌نه و نابێ به پاساو خۆمانی لێ لاده‌ین. خۆم مافی ده‌نگدانم نییه، به‌ڵام له‌و رۆژه‌دا به‌سه‌ر بنكه‌كانی ده‌نگداندا ده‌سووڕیمه‌وه و هانی خه‌ڵكی ده‌ده‌م به به‌ڵی ده‌نگ بده‌ن."
"پێم وایە کوردستانی سەربەخۆ بە چاوی خۆم دەبینم"
*ئومێدتان هه‌یه ئه‌مجاره كورد ئاماجەکەی کە بیناکردنی ده‌وڵه‌تە پیی بگات؟
(عه‌لی قازی): من له‌ژیانمدا دوو ئاواتم هه‌بووه، یه‌كه‌م چیدی شه‌ڕی براكوژی له‌نێو كورداندا نه‌بینم، كه ئه‌مه تا راده‌یه‌ك وه‌دی هاتووه. دووه‌م ئاواتم ئه‌وه‌یه كوردستانی سه‌ربه‌خۆ به چاوی خۆم ببینم و پێشم وایه ده‌یبینم. بۆ یه‌كه‌مجار ئاڵای كوردستان له 17ـی دیسه‌مبه‌ری 1945 له مه‌هاباد به به‌شداریی ده‌یانهه‌زار كورد هه‌ڵكرا. پێشه‌وا (قازی محه‌ممه‌د)ـی باوكم ئه‌و ئاڵایه‌ی به (مه‌لامسته‌فا) سپارد.
*چۆن وابكه‌ین ئه‌م هه‌له‌ی ئه‌مجاره‌مان له ده‌ست نه‌چێت؟
(عه‌لی قازی): ئه‌گه‌ر بێت و هه‌لی ئه‌مجاره‌ی ئه‌م ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییه له ده‌ست بده‌ین، ئه‌وه به سه‌د ساڵی دیش چاومان پێی ناكه‌وێته‌وه و له‌كیسمان ده‌چێت. بۆیه داواكارم هه‌موو حزبه كوردستانییه‌كان به ئه‌ركی خۆیان هه‌ڵسن و كوردستان به‌م ریفراندۆمه رزگار بكه‌ن و یه‌كگرتوو بن. ئومێده‌وارم له رۆژی سه‌ربه‌خۆیی و هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستاندا هه‌موو حزبه كوردیه‌كان به‌شداری بكه‌ن. دوای سه‌ربه‌خۆبوون ئه‌گه‌ر حزبه‌كان كێشه‌شیان هه‌بوو، زیانی وا گه‌وره‌ی به قه‌باره‌ی ئێستای نابێت.
*پێتان وایه ئه‌گه‌ر پێشه‌وا (قازی محه‌ممه‌د) ئه‌مڕۆی بینیبا چ ئامۆژگارییه‌كی ده‌بوو؟
(عه‌لی قازی): پێشه‌وا (قازی محه‌ممه‌د) ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ لێره له‌ناومان بووایه، به‌بێ شك و گومان ده‌یگوت "كوردینه كوردینه، یه‌كبگرن بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆییی كوردستان.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، (عه‌لی قازی) لە ڕاگەیێندراوێکدا دەستلەکارێشانەوەی لە سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان ڕاگەیاند و، هۆکارەکەی بۆ هەڵکشانی تەمەن و ڕاگەیشتن بە باری تەندروستی وەسف کرد.
سه‌رباز واحد




