قایمقامی ھەولێر: هەشت پاڵاوتەی نایاسایی داخران، کار لەسەر ئەوانی دیکەش دەکرێ

ھەولێر-KDP.info- قایمقامی ھەولێر دەڵێ، دەستیانکردووە بە داخستنی پاڵاوتە نایاساییەکانی نەوت لە سنووری ھەولێر و، لە قۆناغی یەکەمدا ھەشتیان داخستوون. گوتیشی، بە هۆی زیانە ژینگەییەکەیەوە زبڵخانەکەی نزیک ھەولێریش دەگوازرێتەوە.
(نەبەز عەبدولحەمید) قایمقامی ھەولێر بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "لە چەند رۆژی رابردوودا بۆنێک لە شاری ھەولێر بڵاو بوویەوە، پێمان وا بوو هۆکارەکەی مۆلیدە ئەھلیەکان و بوونی پاڵاوتەی نایاساییە، بۆیە چەند لیژنەیەکمان دروست کردن و بە دواداچوونیان کرد، قۆناغی یەکەمی هەنگاوەکانی چارەسەریش داخستنی ھەشت پاڵاوتە بوو کە نزیکن لە شاری ھەولێر، چونکە ئەمانە زیانیان بۆ ژینگەھەیە."
وەک قایمقامی ھەولێر دەڵێ، داخستنی ئەو پاڵاوتانە وەکو قۆناغی یەکەم بووە، چونکە نزیکەی ١٠٠پاڵاوتە لە سنووری ھەولێر ھەن و گوتی، "پێویستە بەرنامە ھەبێت بۆ داخستنی ئەوانەی دیکەش کە ھەر بەشێکی دەکەونە ناوچەیەک، بۆ نموونە بەشێکی لە سنووری قەزای خەباتن و بەشێکیشی لە سنووری قەزای دەشتی ھەولێرن."
هۆکارەکەی دیکە کە دووکەڵی مۆلیدەی گەڕەکەکانی هەولێرە و لەمبارەوە (عەبدولحەمید) گوتی، "گازی پیسمان لە بازاڕەکان قەدەغە کردووە و ١٥مۆلیدەی ئەھلیش بەھۆی بەکارھێنانی گازی خراپەوە سزا دراون. ھاوکات زبڵخانەی کانیقرژاڵەش شوێنێکی دووری بۆ ئامادە کراوە و دەگوازرێتەوە."
بڵند ئیبراھیم




