ناسح غەفوور: نەک هەر نامانخۆن، پشتگیرییشمان دەکەن

هەولێر-KDP.info- (ناسح غەفوور) چاودێری سیاسی دەڵی، ھیچ وڵاتێکی جیھان دژی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان نییە، هەڵبەت تەنیا سەرنجیان کاتەکەیەتی بە هۆی شەڕی داعشەوە. دەشڵێ، ئەگەر سەربەخۆیی ڕابگەیەنرێ، سنوورەکانی هەرێمی کوردستان داناخرێن و پیشتگیریی سەربەخۆییش هەن.
(د. ناسح غەفوور) چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە ھۆی پەیوەندیی دیپلۆماسیی وڵاتان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و، ئەوەی کە ھەرێمی کوردستانیش هێشتا لە ڕووی دەستوورییەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدایە، ھیچ وڵاتێکی جیھان بە ئاشکرا پشتگیری لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان ناکات، چونکە دەبێتە ھۆی ھاندان و دەستوەردان لە کاروباری عێراق، بەڵام بۆ ئەوەی لای خەڵکی کوردستان ئاشکرا بێت، تا ئێستا یەک دەوڵەت دژایەتیی خۆی بۆ ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان پیشان نەداوە و دژی ئەو مافە یاسایی و دەستوورییەی ھەرێمی کوردستان نین.''
وڵاتانی بڕیاربەدەست و وڵاتانی ناوچەکەش ڕای خۆیان لەبارەی ڕاپرسیی باشووری کوردستانەوە وا دەربڕیوە کە، ئێستا کاتەکە بۆ سەربەخۆیی گونجاو نییە، بەتایبەتی کە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش هەر ماوە.
(ناسح غەفوور)ـیش وایدەبینێ کە، ئەم هەڵوێستەی وڵاتانی زلھێز لەبەر ئەوەیە، سەربەخۆیی باشووری کوردستان و جیابوونەوەی لە عێراق کاریگەریی لەسەر شەڕەکە دەبێت، چونکە کورد لە شکاندنی داعشدا ڕۆڵی ھەبووە.
دکتۆر (ناسح غەفوور) ئاماژەیشی دا: ''پێش ئەوەی ئێمە بە شێوەی فەرمی پرسی بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆم ڕابگەیەنین، خەڵکێک پڕوپاگەندەی ئەوەی دەکرد، ئەگەر دەست بۆ پرسێکی وەھا ببەین، ئێران و تورکیا سنوورەکانیان دادەخەن و دەمانخۆن!، بەڵام بڕیارەکە درا و ئەوانیش ڕاستە دەڵێن، لەگەڵ ئەوە نین، لێ ڕەتیان کردەوە سنوورەکانیان لەسەر ھەرێمی کوردستان دابخەن. من دڵنیام ئەگەر ڕیفڕاندۆم ئەنجام درا، ئەوانیش دەگەنە ئەو ڕاستییەی پشتگیریمان بکەن و زۆرێکیش لە وڵاتانی جیھان و ناوچەکە دەبنە ھاوکار و پشتیوانی خەڵکی کوردستان.''
قائید میرۆ




