چەتۆ: پەکەکە بە ناوی کوردانی ئێزدی پارە لە حەشدی شەعبی وەردەگرێت
_-_Copy__2017_06_20_h15m49s34__HK.jpg)
شنگال-KDP.info- سەرۆکی لیستی برایەتی و پێکەوەژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت، پەکەکە، حەشدی شەعبی ھێناوە بۆ شنگال و ئێستاش بە ناوی کوردانی ئێزدی پارە لە حەشدی شەعبی وەردەگرێت.
سەرۆکی لیستی برایەتی و پێکەوەژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، (سەیدۆ چەتۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''تا پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال ھەبن، ئەمنییەت لە ناوچەکەدا نابێت، چونکە ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو لادا ھەیە و ھەر لەسەر داوای ئەوانیش حەشدی شەعبی ھاتن بۆ شنگال، چونکە ئەوان ڕێیان بۆ خۆشکردن و پەیوەندیشیان بەردەوام بوو، تاوەکو حەشدی شەعبی گەیشتنە سنووری سووریا.''
(سەیدۆ چەتۆ)گوتی: ''ئێستا پەکەکە بە ناوی کوردانی ئێزدی پارە لە حەشدی شەعبی وەردەگرێت و بەسەر دووسێ کەسێکی پەکەکەدا دابەش دەکرێت، بۆیە دیارە کە ئەمانە تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لە شنگالن، نەک خەمی شنگالیان بێت.''
سەرۆکی لیستی برایەتی و پێکەوەژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ ڕوونی کردەوە: ''ئێمە بە فەرمی داوامان کردووە پەکەکە لە شنگال بکشێتەوە و ئەو داواکارییەمان لە بەغداش کردووە و بۆ حەشدی شەعبیش ئێستا کاری ئەوان تەواو بووە و پێویستە بکشێنەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، چونکە ھیچ کارێکیان لەوێ نەماوە و ناوچەکە ڕزگار کراوە.''
(چەتۆ) گوتیشی: ''ئێستا بەعاج ڕزگار کراوە. پێش ئەوەی ڕزگار بکرێت، ڕۆژێک باسیان لەوە کرد گەمارۆیان داوە و ڕۆژێکیش باسیان لەوە کرد ڕزگاریان کردووە، لەکاتێکدا بەبێ ئەوەی ھیچ شەرێکی تێدا بکرێت، بۆیە ئێستاش ئەو چەکدارانەی پێشتر لەوێ بوون، ھەموویان لە ناو بەعاجدا ماون.''
بڵند ئیبراھیم




