٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەرسین: نابێ لایەنەکان بۆ ڕیفراندۆم پێشمەرج و پاشمەرجیان هەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (ئاری هەرسین) دەڵێت، ڕیفراندۆم، مڵكی پارتی نییە. ڕیفراندۆم، پرسێكی نەتەوەییە و نابێ لایەنەكان پێشمەرج و پاشمەرجیان هەبێت. پێویستە هەموو لایەنەكان كیشە و بەرژەوەندییە سیاسییەكانیان وەلاوە بنێن و بەبێ مەرج دەست بە ڕیفراندۆمەوە بگرن.

(ئاری هەرسین)، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''بابەتی ڕیفراندۆم پێویستی بە كاراكردنەوەی پەرلەمان نییە، كاراش بكرێتەوە و بڕیاریشی لێ دەربچێت خۆ ئەو بریارە هەر پێویستی بە واژۆی سەرۆكی هەرێمە. كۆمەڵ و گۆڕانیش دەیانەوێت یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار بكەنەوە. لێرەدا دیسان دەگەڕێینەوە بۆ 23ی حوزەیرانی 2015. كەوابوو هیچمان نەكرد، تەنا كیشەكانمان هێنا و برد و، لەوانەشە كێشەكان قووڵتر ببنەوە.''

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەیشی دا: ''هەموو تاكێكی دڵسۆز بەم وڵاتە داوای یەكڕیزیی لایەنەكان دەكات. بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە متمانە لە نێوان لایەنەكاندا نەماوە، ماوەیەكی زۆریشە گفتوگۆ لە نێوان پارتی و گۆڕاندا نەكراوە، ئەمەش پرسەكەی لە نەتەوەییەوە كردووە بە حقدی سیاسی.''

(هەرسین) جەختیشی كردەوە: ''دەبێ هەموومان ئەوە باش بزانین كە ڕیفراندۆم، مڵكی پارتی نییە. ڕیفراندۆم، پرسێكی نەتەوەییە و نابێ لایەنەكان پێشمەرج و پاشمەرجیان هەبێت. پێویستە هەموو لایەنەكان كیشە و بەرژەوەندییە سیاسییەكانیان وەلاوە بنێن و بەبێ مەرج دەست بە ڕیفراندۆمەوە بگرن. چونكە بابەتی ڕیفراندۆم، بابەتێكی سەدیسەد نەتەوەییە.''

بۆ ڕوونتربوونەوەی بایەخی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلوول (ئاری هەرسین) نموونەی بەوەوە هینایەوە: ''ئەو ڕیفراندۆمە، وەكو ئەو ئەستێرەیەكە لە 200 ساڵدا تەنیا (5) خولەك دەردەكەوێت، ئەگەر فریای نەكەوی تەمەن ڕێ نادا جارێكی تر بیبینییەوە. بۆیە نابێ ئەو هەلە زێرینەی ئەوڕۆمان لەكیس بچێت.''

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار