٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایەكی بواری نەوت: كوردستان گەییشتووەتە قۆناغێك گەڕانەوەی نییە.. ئابووریه‌كه‌شی كەوتۆتە سەر سكە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی بواری نەوت دەڵێت، بڕینی بوودجەی ھەرێم و ئەو زوڵمەی بەغدا لە ھەرێمی كوردستانی دەكرد، بوونە ئەزموونێك بۆ ھەرێم بۆ ئەوەی ھەنگاو بەرەو سەربەخۆیی ئابووری بنێت و، ھەر ئەمساڵیش ریفراندۆم ئەنجام بدات.

(د. رزگار)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بەغدا ھەمان ویستی لە رێگەی ئابوورییەوە ھەرێمی كوردستان بخاتە ژێر دەستی خۆی، بەڵام ھەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ كە لەلایەن حكوومەتەكەی ئەوكاتی (مالیكی) بوودجەی بڕدرا، خۆی ڕادەست نەكرد و بە ھەموو مەرجەكانی بەغدا رازی نه‌بوو، بۆیە خۆی گرینگیی بە ئابووریی خۆی دا و توانی سەركەوتن بەدەست بێنێت، ئێستاش كار بۆ سەربەخۆیی ئابووری دەكات و ھەنگاوی زۆر باشیشی ناوە لەم بارەیەوە، لەوانە فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بە شێوەی سەربەخۆ".


(د. رزگار) گوتیشی، "بڕینی بەشەبوودجەی ھەرێمی كوردستان و ئەو زوڵمەی بەغدا لە ھەرێمی كردووە، بووە ئەزموونێك بۆ ئێمە كە كار بۆ سەربەخۆیی ئابووری بكەین و ھەنگاو بەرەو سەربەخۆیی كوردستانیش بنێین، ھەر ئەمەیش وای كرد ھەرێمی كوردستان لە ئەمساڵدا ریفراندۆم ئەنجام بدات".

ئەو شارەزایەی بواری نەوت ده‌شڵێ، "پێشتر ھەرێمی كوردستان نە نەوتی خۆی سەربەخۆ دەفرۆشت و نە گرینگیی بە كەرتەكانی گەشتوگوزار و كشتوكاڵ وەكو پێویست دەدا، بەڵام ئێستا لە ھەموو بوارەكاندا ھەنگاوی باش نراوە و سەركەوتنی زۆر باش بەدەست ھاتوون و ئابووریی ھەرێم كەوتووەتە سەر سكەی خۆی، جگە لەوەیش كۆمەڵێك چاكسازی دەستیان پێ كردووە، بۆیە ھەرێمی كوردستان گەییشتووەتە قۆناغێك ئیدی گەڕانەوەی بۆ نییە تاوەكو دەوڵە‌ت رادەگەیێندرێت، چونكە ھەموو ھەنگاوێكی پێویست بۆ ئەو مەبەستە نراوە و جارێكی دیكە ھەرێمی كوردستان ناگەڕێتەوە بۆ بەغدا".

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار