كوردانی هۆڵەندا: چاومان لەوهیه سەربەخۆبین.. پێویست بكات دهگهڕێینهوه كوردستان بۆ دەنگدان

هۆڵەندا-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا، رۆژی ٢٥-٩ـی وەك رۆژی سازدانی ڕیفراندۆم دیاری كرد، ڕەوەندی كوردییش لە هۆڵەندا دەڵێن، دەنگدان بە "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئاواتی هەموو كوردێكە كە دڵسۆزی وڵاتەكەی خۆی بێت، هیچ لایەنێكیش حەقی نییە ئەم مافە لە گەلی كورد زەوت بكات.
(گۆهدار بۆتانی)ـی دانیشتووی هۆڵەندا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "ڕیفراندۆم پرۆسەیەكی یاسایی و دیموكراسییە و خۆشحاڵم كە ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت و پێیشم وایە زۆربەی كوردانی دانیشتووی ئەورووپا بە تایبەتی هۆڵەندا، بەپەرۆشن بۆ بەشداریكردن لە ڕیفراندۆمدا كە دەبێتە دەرفەتێك بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، ئەمەیش ئاواتی هەموو كوردێكە كە دڵسۆزی وڵاتەكەی خۆی بێت، هیچ وڵات یان لایەنێكیش حەقی نییە ئەم مافە لە گەلی كورد زەوت بكات، هیواداریشین لە رێگای نوێنەراتییەكانی حكوومەتی هەرێم لە وڵاتانی ئەورووپا، ئێمەیش وەكو ڕەوەندی كوردی دەرفەتمان بۆ بڕەخسێت بتوانین بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بدەین".
(سەباح مستەفا)ـیش كە كوردێكی دیكەی دانیشتووی هۆڵەندایە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "وەكوو كوردێكی تاراوگەنشین، پڕ بە دڵ خۆشحاڵ بووم بە دیاریكردنی ڕۆژی ۲٥ـ۹ بە ڕۆژی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئامادەبوونیش بۆ ئەم ڕۆژە مێژووییە، ئەركی هەموو كوردێكی دڵسۆز و خاوەن ئیرادەیە بۆ هێنانەدیی خەونی ملیۆنان كوردی قارەمان".
(داوان سلێمان)ـیش گوتی، "دڵخۆشم ئەمساڵ ریفراندۆم دەكرێت و، هیوادارم ئەمە یەكەم هەنگاوی سەربەخۆیی كوردستان بێت، پرۆسەی ڕیفراندۆم و پشتگیریكردنیش لێی، ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتیمانییە و پێویستە هەموومان پێكەوە دەنگ بە بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم بدەین".
(سلێمان) دەشڵێ، "پێویستمان بە یەكڕیزی هەیە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە زۆرینەی دەنگی "بەڵێ" بەڕێوە بچێت، هەروەها پێویستە هەموومان كەمپین بۆ ئەم پرۆسەیە بكەین لەناو ڕەوەندی كوردی لە ئەورووپا، تا كوردان پشتگیریی خۆیان دەرببڕن، چونكە سەدان ساڵە چاومان لەم رۆژەیە بۆ ئەوەی كوردستان ببێت بە وڵاتێكی سەربەخۆ، بۆیە خۆم و كەسوكارەكانم سەردانی كوردستان دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین دەنگ بدەین و، هیواداریشم ئەگەر ڕەوەندی كوردی نەتوانن دەنگ لە دەرەوەی كوردستان بدەن، با سەردانی كوردستان بكەن بۆ دەنگدان".
نەشوان بەرزنجی




