كەركووك.. پشتگیریی پێكهاتەكان بۆ ریفراندۆم كۆ دەكرێتەوە

كەركووك-KDP.info- قایمقامی كەركووك دەڵێ، لایەنە كوردییەكانی كەركووك، سەردانی پێكهاتەكانی دیكەی ئەو شارە دەكەن بە مەبەستی بەدەستهێنانی زۆرترین پشتگیری بۆ ریفراندۆم.
(كامیل ساڵەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لایەنە كوردییەكانی شاری كەركووك بەنیازن سەردانی لایەنە عەرەبی و توركمانییەكانی ئەو شارە بكەن بۆ پرسی ریفراندۆم، ئامانجیش لەو سەردانانە زیاتر روونكردنەوەی ریفراندۆمە، كە بڕیارە لە 25ـی ئەیلوول لە كوردستان ئەنجام بدرێت، ئەمەیش بەو مەبەستەی ئەوانیش بەشداریی ریفراندۆم بكەن و باس لە مافەكانیان بكرێت لە كۆبوونەوەكاندا، بەڵام تا ئێستا وادەی سەردانەكان دیاری نەكراوە".
قایمقامی كەركووك گوتیشی: "لەكۆبوونەوەكاندا، نیگەرانییەكانی ئەوان دەخرێتە بەرباسەوە و هەوڵ دەدەین ئەوانیش بە دەم ریفراندۆمەوە بێن و نیگەرانییان نەمێنێت، بۆ ئەوەی زۆرینەی دانیشتووانی كەركووك بە سەرجەم پێكهاتەكانەوە بە (بەڵێ) بەشداری لە ریفراندۆمدا بكەن".
(ساڵەیی) جەختیشی كردەوە: "بەشێكی زۆر لە هاووڵاتیانی عەرەب و توركمانی شاری كەركووك بەدەم ریفراندۆمەوە دێن و باوەڕیان وایە كە، ئەگەر كەركووك لەگەڵ هەرێمی كوردستان بێت ئەوان پارێزراوتر دەبن و زیاتر بەرژەوەندییان لەگەڵ كوردستانە، چونكە لەوەتەی هێزی پێشمەرگە لە كەركووكە، شارەكە بەرەو ئارامی و ئەمنییەتێكی زۆر باش چووە و ئەمەیش تاقیكردنەوەیەكی پێشینە بووە بۆ ئەوان و مافەكانیان دەستەبەر بوون".
سەرباز واحید




