كورد و عەرەب و توركمانەكانی كەركووك: پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەکەین
__2017_06_19_h19m44s29__HK.jpg)
كەركووك -KDP.info- پێكهاتەی عەرەب و توركمان و كورد لە شاری كەركووك دەڵێن، كەركووك شارێكی كوردستانییە و لەوەتەی هێزی پێشمەرگەی لێیە زۆر ئارامە، هەرسێ پێكهاتەکەش جەخت دەكەنەوە، کە پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەكەن و بە ''بەڵێ'' دەنگی بۆ دەدەن.
(عەباس مەحموود)، هاووڵاتیی عەرەب لە شاری كركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمەی هاووڵاتیانی عەرەب لە شاری كەركووك لە سەردەستی دەسەڵاتدارانی عێراق زۆرمان زیان بەركەوتووە و ناخۆشیی زۆرمان دیتووە، بەم دواییانەش داعش هات و زیانێكی زۆری لێ داین، هێزە عێراقییەكانیش تەنیا بە ڕاكردن ڕاگەیشتن و شارەكە و خەڵكەكەیان بەجێ هێشت، ئەوە برایانی پێشمەرگە بوون، ئەم شارەیان پاراست بەبێ جیاوازی و ڕێیان نەدا بكەوینە دەستی تیرۆریستان. ئێستاش ئارامی بۆ شارەكە گەڕاوەتەوە. بۆیە ئێمەی عەرەبیش لەگەڵ ئەوەداین كەركووك ڕیفراندۆمی لێ بكرێت و لەژێر دەستی هێزی پێشمەرگەدا بێت.''
ئەو هاووڵاتییە عەرەبەی كەركووك ڕونیشی كردەوە: ''بێگومان و بەبێ دوودڵی لە ڕیفراندۆمدا دەنگی زۆرینەمان بە ''بەڵێ''یە بۆ ڕیفراندۆم.''
(وەلید محەمەد)، مامۆستای توركمان لە شاری كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەنجامدانی ڕیفراندۆم مافی كوردەكانە و ئێمەش پشتگیری دەكەین. ئەو كەس و لایەنانەشی كە لە شاری كەركووكدا دژی ڕیفراندۆم وەستاون، بەرژەوەندییە كەسییەكانیان زیانی لێ كەوتووە، بۆیە دژی وەستاون. كەركووك بە درێژایی میژوو شاری پێكەوەژیانی نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكان بووە. هەمیشە دوژمنان ویستوویانە ئەم جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینیانە بكەنە هەوێنی تێكدانی نێوان نەتەوەكان.''
ئەو مامۆستا توركمانەی شاری كەركووك جەختیشی كردەوە: ''ئێمەی توركمانەكانی كەركووك دەمانەوێت هاوشێوەی توركمانەكانی هەولێر لە ژیانێكی ئارام و ئازاددا بژین، خۆ لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ئەم شارە هەمیشە خەڵتانی خوێن بوو، هیچ خزمەتێكی نەدەكرا. لە سەردەمی هیزە عێراقییەكانی (مالیكی)یشدا لەبەر نەبوونی ئاسایش و دەستی تیرۆر و تەقینەوە كەركووكییەكان هەراسان بووبوون و ژیانیان ئەستەم بووبوو. بەڵام لەو دەمەوە کە هیزی پێشمەرگە لە كەركووكە، ئەمن و ئاسایشێكی تەواومان هەیە. بۆیە زۆرینەی توركمانەكان دەنگیان بە ''بەڵێ''یە بۆ ڕیفراندۆم و پێشتیوانی ئەم بڕیارەین.''
(كارزان ساڵح)ی كورد و مامۆستای زانكۆ لە شاری كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''كەركووك شارێكی فرەنەتەوە و فرەپێكهاتەیە، بە هۆی هەڵكەوتە جوگرافییەكەیەوە چەندین نەتەوەی جیاواز و ئایینی جیاوازی تێدا دەژی. بە درێژایی مێژوو دوژمنانی شارەكە هەوڵیان داوە، دژایەتی و یەكترقبووڵنەكردن لە شارەكەدا دروست بكەن. بەڵام هەمیشە هاووڵاتییانی كەركووك زۆر لەوە هۆشیارتر بوونە و تا ئێستا كەركووك هەر بە بنچینەی پێكەوەژیان سەیر دەكرێت. لە پێناو پێكەوەژیان و ئارامیدا، هەموومان دەڵێین، ''بەڵێ'' بۆ ڕیفراندۆم.''
(كارزان ساڵح) جەختیشی كردەوە: ''كەركووك شارێكی كوردستانییە و بە هۆی سیاسەتە چەوتەكانی ڕژێمەكانی عێراقەوە هەوڵی گۆڕرینی دیموگرافیاكەی دراوە، لەوەتەی كەركووك لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە دەپارێزرێت، لە دووساڵی ڕابردووەوە دەتوانین لەو شارەدا بە ئارامی و ئازادی بژین. بۆیە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم مافێکی ڕەوای خۆمانە، هیچ زیانێكیشی بۆ پێكهاتەكانی تر نییە و بە گەڕانەوەی كەركووك بۆ سەر هەرێمی كوردستان سەرجەم كەركووكییەكان لە ئارامیدا دەژین.''
سەرباز واحد




